زاری كرمانجی-قەسرێ
گەشتیاران و هاووڵاتییان داواكارن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان، كار لەسەر گەیاندنی پڕۆژەی رێگای ئۆتۆمبێل بكرێت بۆ تاڤگەی كانی بەست لە سنووری ناحیەی قەسرێ.
لەمبارەوە د. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” لە سنوورەكەمان چەندین شوێن و ناوچەی گەشتیاری سەرەنج راكێش هەن، یەكێك لەوانەش بریتییە لە تاڤگەی كانی بەست لە سنووری قەزای چۆمان”.
گوتیشی: ” بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەیاندنی رێگای ئۆتۆمبێل بەو تاڤگەیە لە بەرنامەو پلانی گەشتوگوزاردایە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا جێبەجێ بكرێت”.
تاڤگەی كانی بەست تاڤگەیەكی سروشتی كوردستانە دەكەوێتە نێوان هەردوو چیای كۆخە و شێخ ناسر، بەدووری نزیكەی هەشت كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شارەدێی قەسرێی دەڤەری باڵەكایەتی، ئەو تاڤگەیە بەبەرزترین و جوانترین تاڤگە لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەهۆی سەرەنج راكێشی وێنەی تاڤگەكە لەسەر دراوی 50 هەزار دیناری عێراق نەخشێندراوە.