كۆنسوڵخانەی گشتیی ئوردن لە هەولێر، لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر)، لە راگەیەندراوێكدا داشكاندنێكی گەورەی بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، بۆ ئەوانەی ئارەزوومەندی خوێندنن لە ئوردن.
لە راگەیاندراوەكەدا كە دوێنی بڵاوی كردۆتەوە هاتووە: “لە چوارچێوەی هاندانی ئالوگۆڕی کولتووری و زانستیی نێوان شانشینی ئوردنی هاشمی و هەرێمی کوردستاندا؛ ئاگادارتان دەکەینەوە کە ژمارەیەک زانكۆی ئوردن بڕیاریان داوە داشكاندنی هاندەرانە لەپێناو پێدانی هەلی خوێندن پێشكەشی قوتابیانی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوانەی ئارەزووی خوێندنیان لە شانشینی ئوردن هەیە.”
هەروەها دەڵێ: “هەلەكانی خوێندن لە زانکۆکانی ئوردن، زانکۆی مووتە، زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا، لەگەڵ زانکۆی ئەلئالبەیت پێشكەشی قوتابیانی هەرێمی كوردستان دەكرێ، لەوانەش داشکاندن لە ژمارەیەکی زۆری پسپۆڕییەکان كراوە، بە تایبەتی پسپۆڕییە پزیشکییەکان.”
ئاماژەشی بەوە داوە كە قوتابییان بۆ وەرگرتنی وردەكاریی و زانیاریی زیاتر، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە یەکەی کاروباری قوتابییانی نێودەوڵەتیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئوردن، لە ڕێگەی ئەم ئیمەیڵەوە:
studyinjordan@mohe.gov.jo

































































