محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، جەختی لەسەر گرنگیی دانانی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردەوە.
نووسینگەی سوودانی بڵاوی كردەوە كە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، باسی لە ئامادەکارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق كردووە.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا کورتەیەک لە وردەکارییەكانی کارەکانی کۆمسیۆن و ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان خراوەتەڕوو، کە بڕیارە 18ی کانوونی دووەم ئەنجام بدرێت>
سوودانی باسی لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەر و شەفاف كردووە و پاڵپشتیی حکوومەتیشی بۆ کۆمسیۆن و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی پیشەیی و دروست دووپات كردووەتەوە، هەروەها جەختی كردووەتەوە لەسەر گرنگیی دانانی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.