بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ی تەموزی ٢٠٢٣ ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو کەسی ڕاگەیاند کە هێرشیانکردە سەر هاوڵاتییەک لە شەقامی ٦٠ مەتری پارێزگاکە.
لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند” دوای ئەوەی سەر لە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە شەقامی ٦٠ مەتری شاری هەولێر، سێ چەکدار هێرشیانکردە سەر هاوڵاتییەک و لێیاندا و ئازاریان دا، دەست بەجێ لەلایەن تیمەکانمان دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەین، دەرکەوت کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و زاوا خەزوری یەکترن، خۆیان رادەستی (بەڕێوەبەرایەتییەکەمان) كرد”.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە” دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دوو لەو تۆمەتبارانە بە ناوەکانی (م ،ك ، أ) و (أ، ك ، أ) رووبەڕووی یاسا كرانەوە، هەروەها بەدواداچوون بەردەوامە بۆدەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکات کە ئەم چەکدارانە پێشەیان چییە و سەر بەچی هێزێکن یان هاوڵاتی ئاساین، ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەک هەڵگرتنی بێ مۆڵەت قەدەغەیە.