ن / جەمیل محەمەد ئەرگۆشی
سەرەڕای درک کردن و تۆسییە کردنمان بەوەی کە ڕۆشنبیران و نووسەران و شیکاریکارە سیاسییەکان دەبێت ڕەچاوی هەلومەرجە ناوخۆییەکان بکەن، وە هەروەها کەسایەتی و لایەن و حزبە سیاسییەکان لە چوارچێوەی یەکگرتنی ماڵی کوردی و ئارام کردن و یەکخستنی پەیوەندی نێوان لایەنەکان هەوڵ بدەن. بەڵام لە هەمان کاتدا قەڵەمە تیژەکان دەبێت بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی بکەن. واتا پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو حزبێکی نەتەوەیی هەموو کاتێک ستراتیژییەکەی لە چوارچێوەی بەرەو پێش بردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بووە و لەگەڵ ئەوە دابووە کێشە ناوخۆیی و سیاسییەکان لەناو ماڵی کوردی چارەسەر بکرێن.
لە ڕاستیدا هیچ کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکارێک نەبووە کە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی پێش ئامانجە باڵاکانی نیشتمان بخات. ئەوەش لە سیاسەتی کرداری جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی دیارە.
بۆیە سەرنجی بیرمەندان و سیاسەت داڕێژانی یەکێتی بۆ چەند خاڵێک ڕادەکێشم:
١- مێژوو سەلماندویەتی کە هیچ کاتێک دوژمنانی کوردستان زەفەریان بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەبردووە چونکە ئەم حزبە نەتەوەییەی کە بناغەکەی لە تێڕوانینی باوکی ڕۆحی کورد مەلا مستەفا بارزانی دروست بووە خاوەنی جەماوەرێکی مەبدەئشوناسە.
٢- پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لەوەی کە شوناسی دیبلۆماسی و پەیوەندییەکانی ڕیشەی لە هێز و مێژووی پڕشنگداریەتی، هەموو کاتێک پشتی بە جەماوەر و خەڵکی کوردستان بەستووە و هیچ کاتێک هۆکارێک نەبووە تاکو کێشە سیاسیەکان دەستی دەرەکی تێ بکەوێت. واتا حکومڕانیەکەی لەسەر بناغەی عەقلانیەت و سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان بووە. دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان نە تەنیا وێستگەکانی ژیانی خەڵک و جیاوازییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و پێکەوەژیانی کوردستانیانی ڕەچاوکردووە، بەڵکو وەک ئامانجێکی نیشتمانی، لەسەر تەختەی کارنامەی سیاسیی خۆی داناوە.
٣- ئامانجی سەرەکی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەت کردنی خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازی ناوچەیی و هەروەها ئامانجیان بەرەو پێش بردنی سیاسەتی هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەموو شتێک پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە. کەواتە ڕێککەوتن تەنیا گوفتاری سیاسی نیە، ڕێککەوتن لە سیاسەتدا جێبەجێ کردنی عیلمی سیاسەت و ئیرادە و کرداری سیاسییە. تاکو هەموو خەڵکی کوردستان لە ئارامیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئابووریدا بژین.
٤- هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیە بە بوونی پێشمەرگە قارەمانەکانمان. بۆیە ڕێککنەکەوتن و ڕێگری نەکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی، سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فاکتەرە ئابووری و دیبلۆماسی و سەربازیەکان دەخاتە چوارگۆشەیەکی نادیار، لەوانەش بارودۆخی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. کەواتە سەرکەوتنی ئەزموونەکەمان پێویستیی بە پاراستن و پەرەسەندنی ئابووری و سیاسەتی هەرێمی کوردستانە. هەروەها لەبیرمان نەچێت دوژمنان، لە سەروویان حکومەتی عیراقی و ژوورە تاریکەکانیان کە لە دەرەوەی عیراقن کار و سیاسەت دەکەن تاکو ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی سیاسی و سەربازی و ئابووری ببەن. بۆیە گەر سیاسەتی مام پەیڕەو ناکەن یاخود ڕەچاوی ئەو خاڵانە ناکەن، هەر هیچ نەبێت وەکو کۆبوونەوەکانی مام و سەرۆک بارزانی لەدوای کۆبوونەوەکان، هەوڵ بدەن مژدەی خۆش بدەنە خەڵکی کوردستان … چونکە سیاسەت کردن بە عاگفە و خەیاڵ … نابێت وە مێژووش رەحم بە کەس ناکات.