محەممەد مەحموود- سۆران:
شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سۆرانی کرد و ئامانجی سەردانەکەیان پێداچوونەوەبوو بە ماستەر پلانی سێ سەرۆکایەتی شارەوانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران”.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند” دوێنێ یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٣،شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر بە سەرپەرشتی شوکریە عەباس قادر، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر بە وەکالەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سۆرانی کرد، مەبەست لە سەردانەکەیان دووبارە دیراسەکردن و پێداچوونەوەبوو بە ماستەر پلانی قەزاکانی سۆران و رواندز و خەلیفان.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران گوتیشی: بۆ ئەو کارە هەریەکە لە سەرۆکایەتی شارەوانیەکای سۆران، ڕواندز، خەلیفان، راسپێردران بۆ دەستنیشان کردن و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لەناو ماستەر پلانەکانیان دا هەیە”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، چەند سەرنج و پێشنیارێک لەلایەن سەرۆک شارەوانیەکانی سۆران و رواندز و خەلیفان خرانەروو، بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێریش پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە هەنگاوی داهاتوودا دەست دەکرێت بە دووبارە دیراسەکردن و پێداچوونەوە بە ماستەر پلانی گشت شارەوانیەکان.