زاری كرمانجی- سۆران:
ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی تەمووز، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی (تریفە عەزیز)ـی وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئەمەریکا دەستنیشان کرد.
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تریفە عەزیز لەم دواییانەدا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بووە و پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ، لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمەریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە واشنتن- DC.
سەبارەت بە نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا ئەوە خراوەتەڕوو، کە نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بەیان سامی عەبدولرەحمان)، دوای هەشت ساڵی سەرکەوتوو لە واشنتن دی سی، دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و وەک راوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە هەولێر دەستبەکار دەبێت.
بەیان سامی عوبدولرەحمان پێشتریش بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا. هەروەها ماوەیەکی زۆریش کاری رۆژنامەنووسی کردووە.
لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتدا هاتووە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی لە هەردوو بەرپرسەکە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە پێناو بەردەوامبوونیان لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.