مستەفا دۆلەمەری – بارزان:
ئاژەڵدار و جووتیارانی دەڤەری بارزان داوای ئالیك و پەین و دەرمان دەكەن. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، گوتی: ئەمساڵ نەمان توانیوە هیچ خزمەتێك بە ئاژەڵدار و جووتیار بكەین، چونكە هەمیشە كێشەی دابینكردنی بودجەمان هەیە.
عوسمان محەممەد، یەكێكە لە ئاژەڵدارانی ناوچەكە، دەڵێ: داواكارین پێداویستییەكانی ئاژەڵداری بۆمان دابین بكرێن، وەكو دەرمان و ئالیك و پەین، بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە بە خێوكردنی ئاژەڵ، راستە ساڵانی رابردوو یارمەتی ئاژەڵدار و جووتیار دەدرا لە دابین كردنی پێداویستیەكان، بەڵام ئەوە چەند ساڵێكە هیچ یارمەتیەك پێشكەش نەكراوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی، گوتی: ئەمساڵ نەمان توانیوە هیچ خزمەتێك بە ئاژەڵدار و جووتیار بكەین، چونكە هەمیشە كێشەی دابینكردنی بودجەمان هەیە، بۆیە نەتوانراوە وەكو پێویست ئەو پێداویستیانە دابین بكەین و خزمەتی جووتیار و ئاژەڵداران و هەنگەوانان بكەین، بەڵام ساڵانی پێشوو هەر نەبێت دەمان توانی قڕكەر دابین بكەین و هەندێك پێداویستی هەنگەوانان دابین بكەین.
محەممەد رەشید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: پێداویستی ئاژەڵداری و جووتیاری و هەنگەوانی، پارەیەكی زۆری دەوێت، چونكە قەزایەك نییە، بەڵكو دەبێت ئەو پێداویستیانە بۆ تەواوی كوردستان بن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار داوامان لە ئیدارەی سۆران كردووە، كە بڕە پارەیەكی بۆ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی مێرگەسۆر تەرخان بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێك نەبووە.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، ئاماژەی بەوەشدا: ئەركی حكوومەت و وەزارەتی كشتوكاڵە پێداویستی بۆ هەموو كوردستان دابین بكات، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە ناتوانن، بەڵام لە ئێستادا دەتواندرێت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕە پارەیەك تەرخان بكرێت بۆ كشتوكاڵ وەكو چۆن بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی دیكە تەرخان دەكرێت و تەنیا دەتوانین بەم شێوەیە خزمەتی جووتیار و ئاژەڵدارەكان بكەین، بەڵام وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ هیچ بڕە بودجەیەكیان نییە و ناتوانن هیچ شتێك دابین بكەن لە ئێستادا.