زاری كرمانجی-سیدەكان:
بەڕێوبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: ئێستا دۆخی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران باشە و بڕیارە مەرزێکی نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سنووری سیدەکان بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدرێت.
بەڕێوبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ، عەبدوڵا ئاکرەیی، گوتی: لە کۆبوونەوەی ڕابردوو لە ئێران لە نێوان بەرپرسانی هەرێم و ئێران کرا بڕیاردرا ئەمجارە لە حاجی ئۆمەران کۆبوونەوە بکرێت، بۆیە بڕیارە رۆژێک دیار بکرێت و کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت و تێیدا کۆمەڵێک بابەت باس بکرێت، بۆ ئەوەی زیاتر هەماهەنگی و هاوکاری بکرێت بۆ ئاسانکاری لە مەرزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران .
عەبدوڵا ئاکرەیی گوتیشی: ئێستا دۆخی بازرگانی لەسەر سنوورەکان زۆر باشە و مەرزەکان کاری خۆیان دەکەن، مەرزی نوێی شوشمێ کراوەتەوە وکاری خۆی دەکات، بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوو بڕیار لەبارەی مەرزی کێلەشین لە سیدەکان بدرێت ، ئامادەکاری تواویش بۆ کردنەوەی مەرزەکە کراوە.
ئاکرەیی باسی لەوەش کرد ، جولەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیادی کردووە و ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم وئێران دەگاتە 4 ملیار دۆلار.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و تێیدا گفتووگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە بواری بازرگانی کرا.