شەهلا رەشید- سۆران:
چاو یەكێكە لە بەشە هەستیار و گرنگەكان كە پێویستی بە گرنگیدانێكی زۆر هەیە، یەكێك لە پێنج هەستی مرۆڤەكان هەستی بینینە، ئەمەش بە هەبوونی دوو چاوی بەهێز و تەندروست و خزمەتگوزاری تایبەتی پەرستاری دەكرێت، دەتوانیت چاوت تەندروست رابگریت و لە زیانەكان دوور بكەویتەوە، زۆر كەس ئەو تێڕوانینە هەڵەیەیان هەیە كە لەدەستدانی بینین بەهۆی تەمەن یان ماندوێتی كاركردنەوەیە، بەڵام لە راستیدا شێوازی ژیانی تەندروست و خزمەتگوزارییە بەنرخەكانی پەرستاری لە زۆر حاڵەتێكدا دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی چاو كەم بكاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش جاری وا هەیە چاوەكان تووشی هەندێك حاڵەت دەبن لەوانە وشكبوونەوە، د. محەمەد مونیب، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی چاو، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەو هوكارانەی دەبنە هۆی وشكبوونەوەی چاو زۆرن، لەم بابەتەدا هەندێك لەم هۆكارانە دەخەینەڕوو لەوانەش هەوكردنی پێلوی چاو یان ژێر برژانگی چاو، گۆڕانكاری جۆرەها هۆڕمۆن بەتایبەتی لە ئافرەتان، هەندێكجار لەكاتی سووڕی مانگانە روودەدات، زۆر بەكارهێنانی تەكنەلوجیا وەكو موبایل و لابتۆب.
ئەم پزیشكە نیشانەكانیشی ئاشكرا دەكات و دەڵێت” سوربوونەوەی چاو، هەستكردن بە بوونی شتێك لە چاو، لێل بوونی بینین، واتە كەمبوونەوەی ئاستی بینین، هەروەها چۆنیەتی چارەسەركردنیشی كەم بەكارهێنانی تەكنەلوجیا، چارەسەركردنی هەر هۆكارێك وەكو هەوكردنی پێلوی چاو یان هەر هۆكارێكی تر، هەندێكجار پێویست بە قەترەی فرمیسكی دەستكرد دەكات وەك یارمەتی دەرێك بۆ چارەسەركردنی وشكی چاو.