د. ئازا – ئەڵمانیا:
لێخوڕینی پایسکل یەکێکە لەو وەرزشانەی کە زۆر بە سوودە بۆ مرۆڤ لە هەر تەمەنێک بێت جگە لەمەش پایسکل بەکاردێت وەک یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوە و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە بۆ تەندروستی و لەش ساغی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو کاتێک کە شەقامێک دروست دەکرێت هەندێ تایبەتمەندی لەبەرچاو دەگرن یەکێ لەو تایبەتمەندیانە دروستکردنی شوێنی لێخوڕینی پایسکلە لە تەنیشت شەقامی ئۆتۆمبێل و پیادە.
ئەوەی جێگەی بایەخە و خاڵێکی ئەرێنیە گەر سەیری شەقامەکانی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بکەیت بە نموونە، ئەوا دەبینیت لە زۆربەی شەقامەکانی ئەو وڵاتە لە تەنیشت ڕێگەی ئوتۆمبێل و پیادەکان لە زۆربەی شوێنەکان ڕێگەی تایبەت بە لێخوڕینی پاسکیل هەیە کە بە نیشانە و هێمای سەردەمیانە دیاریکراوە و زۆر بە بایەخەوە لەبەرچاو گیراوە و کارئاسانی زۆر کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت پایسکل لێبخوڕن.
بۆیە بوونی شەقامی دیاریکراو و سەلامەت بە لێخوڕینی پایسکل دەرفەتی ئەوەی ڕەخساندووە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەڵمانیا بە هەموو تەمەنەکانیانەوە پایسکل بەکاربهێنن لە کاتی بەتاڵ، بۆ وەرزش، بۆ گەشت و گواستنەوە لە کاری ڕۆژانەیان.
بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتتر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاتێک سەیری شەقامەکان دەکەیت دەبینیت کە کەمتر بایەخ بەم بابەتە دراوە و لە ڕابردوو بە شێوەیەکی ڕێک و سەردەمیانە دروستکردنی ڕێگەی تایبەت بە لێخوڕینی پایسکل بەهەند وەرنەگیراوە، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا نەبوونی ڕێگەی دیاریکراو لە زۆربەی شەقامەکان لە هەرێمی کوردستان و سنووری ئیدارەی سۆران بە پایسکل، وایکراووە کە تاکی کوردستانی کەمتر پایسکل بەکاربهێنێت و بەکارهێنەرانی پایسکل سەلامەت نەبوونە و بەشێکیان دووچاری زیان بوونە،
بۆیە بۆ لەمەودوا زۆر پێویستە لە کاتی دروستکردنی شەقامەکان لە هەرێمی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕەچاوی زۆر بابەت بکرێت یەکێ لەمانە ئامادەکردنی شوێنی دیاریکراو بە لێخوڕینی پایسکل، یاخود لە ئیستاوە کاربکرێت کە لە شەقامەکان ڕێگەی تایبەت بە ڵێخوڕینی پایسکل دروستبکرێت لە پێناو سەلامەتی مرۆڤەکان و زیاتر گرینگیدان بە یاریزان و بەکارهێنەرانی پایسکل لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.