شەهلا رەشید- سۆران
سیر و هەنگوین جگە لەوەی كە تام و چێژێكی خۆشیان هەیە و بۆ چارەسەری زۆرێك لە نەخۆشییەكانیش سەرسوڕهێنەرن، سیر كە یەكێكە لەو پێكهاتەی خەڵكێكی زۆر بەهۆی تامەكەی لەنێو خواردنەكانیان بەكاری دەهێنن، بەڵام جگە لەو تامە تایبەتەی كە بە خواردنەكان دەبەخشێت بەڵكو زۆر كاریگەرە لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان، هەروەها جگە لەوەش هەنگوینیش خواردنێكی سەرسوڕهێنەرە و ئەگەر باسی تێكەڵكردنی ئەم دوو ماددەیە و تایبەتمەندییەكانیان بكەین ئەوا چارەسەرن بۆ زۆرێك لە نەخۆشییەكان.
د. هۆلیم هاشم، راوێژكاری زانستی خۆراك، پسپۆڕی چارەسەری خۆراكی و تەندروستی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لەكاتی گەددەی بەتاڵ ئەگەر تێكەڵەی سیر و هەنگوین بخۆن دواتر هەستی پێدەكەن جەستەتان چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا دێت، چونكە ئەم تێكەڵەیە بە دەوڵەمەندترین و باشترین دەرمانی سروشتی و ماددەی خۆراكی دادەندرێت بۆ چارەسەركردنی چەند نەخۆشییەك، لەوانە كەمكردنەوەی كێشی لەش، چونكە دوای خواردنی ئەم تێكەڵەیە ئەوا هەست بە برسێتی ناكەیت و رێگری دەكات لە زۆر خواردن و دەزگای هەرس چالاكتر دەكات، هەروەها بە سەرچاوەی سەرەكی وزە دادەنرێت، یارمەتی نزمبوونەوەی پەستانی خوێن و توانەوەی چەوری كۆلیستڕۆل دەدات”.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” ئەم تێكەڵەیە رێگری لە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی دڵ دەكات و بەرپرسیارە لە كەمكردنەوەی گیرانی دەمارەكان، یارمەتی بەهێزكردنی بەرگری لەش دەدات بۆ رزگاربوون لە هەموو ئەو ماددە زیانبەخشانەی لە لەشدا كۆ دەبنەوە، باشترین پارێزەرە بۆ داخوران و شكانی ئێسكەكان، هەروەها ئەم تێكەڵە لە وەرزی سەرمادا بەكار دێت بۆ چارەسەركردنی هەڵامەت و پاراستنی جەستە لە پلەی گەرمی، بەرپرسیارە لە نەخۆشی پڕۆستات، رێكخستنی نەخۆشی شەكرە و پارێزگاری لە ناوپۆشی گەددە دەكات لە بەكتریا زیانبەخشەكان.