زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت: ” هەمیشە هەماهەنگی و پلانەكانمان سەركەوتوو بووە، بۆ پێشوازی كردن لە گەشتیاران كە روو لە سنوورەكەمان دەكەن، بەمەش تادێت رێژەی هاتنی گەشتیاران روو لە زیادبووندایە.
د. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” بەهۆی هەڵكەوتەی شارو شارۆچكەو ناوچەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دیمەنی سەرەنج راكێش و كەش و هەوای گونجاو و بوونی ئەمنیەت و خزمەتگوزارییەكان، لە هەرچوار وەرزەكانی ساڵ گەشتیاران روو لە سەیرانگەو ناوچە گەشتیارییەكان دەكەن، بەتایبەتیش لەم وەرزەی گەرماو بۆنەو یادەكاندا، رێژەی هاتنی گەشتیاران بە شێوەیەكی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوە دەكات”.
ئاشكراشی دەكات: ” بەپێی ئامارەكانمان ئەمساڵ زیاتر لە 650 ههزار گەشتیار روویان لە سەیرانگەو ناوچە گەشتیارییەكانی ئیدارە سۆران كردووە، زۆربەشیان گەشتیاری باشوو و ناوەڕاست و شارەكانی عێڕاق بوونە، ئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر بوژانەوەی ئابووری ناوچەكەو رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان.