پشتیوان كەریم – سۆران:
هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییان كە گروپێك لە بەشێك لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دروستبوونە، بەرامبەر بە پێدانی بڕێك پارە بە هاووڵاتیان، سیمكارتیان بەناو دەكەن و هەژماری بانكیان بەناو دەكرێت، لە دەرەوەی وڵات ئاڵو گۆڕ بەو هەژمار بانكییەوە دەكرێت، بەبێ ئەوەی هاووڵاتی لێی ئاگادار بێت، دواجار هاووڵاتییەكە بڕە باجێكی زۆر دەچێتە سەر ناوی، هەركات كاری بەفەرمانگەیەكی حكوومی بۆبێتە پێش، سەرجەم باجەكەی لێ وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەری كاروباری ناوەخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی لەم جۆرە رووی نەداوە لە سنووەكەمان، كەس بە هۆی فرۆشتنی سیمكارتی لەم شێوەیە دەست بەسەر نەكراوە”.
مقەدەم هەرێم فازڵ تەها، ئەوەشی خستەڕوو:” بە پێی رێنمایەكانی وەزارەتی ناوخۆ كڕین و فرۆشتنی سیمكارات و جۆر و شێوازەكانی لە بازاڕدا بە دیاریكراوی لە سەر عارەبانەو شۆستەكان قەدەغەیە، هەركەسێك بیەوێت سیمكارت بكرێت سەرەتا بە ناوی كەسەكە دەكرێت دواتر دەتوانێت بیكڕێت و بەكاری بهێنێت”.
گووتیشی: ” وەزارەتی ناوەخۆ بەپێی رێنمای ژمارە هەشتی ساڵی 2021 كە تایبەتە بە رێكخستنی میكانیزمی فرۆشتنی توێژاڵی سیمی ئەلیكرترۆنی سیمكارت لە هەرێمی كوردستان، لیژنەی بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پێكهێنراوە لە قەزاو و ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگاكان، بەهیچ شێوەیەك نابێت سیمی ئەلیكترۆنی (سیمكارت) بفرۆشرێت تەنها لە لایەن بریكارو رێگە پێدراوە دەبێت.