هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان حەجی قاچاخیان ئەنجام داوە
مەهدی محەممەد – سۆران :
بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلیمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا پەردە لەسەر جۆرە فێڵێک لا دەدات کە ئەمساڵ بەشێکی زۆری حاجییان لە کاتی سەردانی کردنیان بۆ ماڵی خودا، لە بەرامبەر دەوڵەتی سعوودیە کردوویانە.
م.کامەران عەلی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلیمانی، بە پشتبەستن بەو داتایەی لە دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەستیان کەوتووە، ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان حەجی قاچاخیان ئەنجام داوە، کە لە نێو ئەو ژمارەیەدا هەزار کەسی هەرێمی کوردستان هەیە.
هەر وەک م.کامەران عەلی هێمای بۆ دەکات، ئەو جۆرە ڕێگەی حاجییان بەکاریان هێناوە و دەسەڵاتدارانی سعوودیە بە حەجی قاچاخ ناوی دەبن، لە ڕێی ڤیزای گەشتیاری یاخود عەمرە ئەو کەسانە چوونەتە سعوودیە و پاشان کارەکەی خۆیان بۆ حەج کردن جێ هێشتووە.
بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کارە دووبارە نەبێتەوە، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلیمانی داواکارە فەتوایەکی شەرعی دەربکرێت تا هاووڵاتییان بەو ڕێگەیەوە گەشتی ماڵی خودا نەکەن.