بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ تەرمی منداڵێكی هەشت ساڵانیان دۆزیوەتەوە كە تۆمەتبار بە “فێڵی” شت كڕین بردوویەتیتە دەرەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە “دوێنێ هاوڵاتییەكی (سووری) سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كردووە و سكاڵای دژی كەسێكی نەناسراو تۆماركردووە كە بەفێڵی شتكڕین، كوڕە هەشت ساڵانەكەی لەماڵ بردووەتە دەرەوە و دواتر نەگەڕاوەتەوە”.
راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە “دوای بەدواداچوون توانرا ناسنامەی تۆمەتبارەكە ئاشكرا بكرێت و تۆمەتبارەكە دۆزرایەوە و دەستگیركرا كە تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی رانیەیە”.
هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە “تۆمەتبارەكە لە رووی دەروونییەوە ناجێگیرە و دوای لێكۆڵینەوە، دانیناوە بەتاوانەكەیدا و وتوویەتی بە فێڵی شت كڕین منداڵە هەشت ساڵانەكەی بردووە بۆ شاخ لە نزیك شاخی هەنجیرە و بە چەقۆ كوشتوویەتی”.
پۆلیس دەڵێت “دوای پێكهێنانی لیژنەیەك، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەكشەممە، 16-7-2023) تەرمی منداڵەكەیان لە شاخ دۆزیوەتەوە و لەنزیك تەرمەكەشییەوە، مشارێكـیان دۆزیوەتەوە”.