مههدى محهممهد – زاری کرمانجی :
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردووی 2022، توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادی کردووە، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بەکارهێنانی چەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوو هۆکاری سەرەکی دەبینێت لە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، ئاماری 6 مانگی سەرەتای ساڵی 2023 ی بڵاو کردەوە و دەڵێ : “لە شەش مانگی ڕابردوو، 336 دۆسیەی توندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراون و لەو ژمارەیە 39 کەس خۆیان کوشتووە و پێنج پیاوی دیکەش بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە بە دەستی کەسانی دیکە کوژراون.”
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە پشتبەستن بە ئاماری ساڵی ڕابردوویان، دەڵێ ئەمساڵ ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان زیادی کردووە : “لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، 321 توندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆمار کرابوون، لەو ژمارەیەش 29 کەس خۆیان کوشتبوو و سێ کەسیش بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژرابوون.”
بورهان عەلی، سۆشیاڵ میدیا و زیادبوونی بەکارهێنانی چەک بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان ناو دەبات و ئەوەش دەڵێ کە باری دارایی و زیادبوونی خیانەت، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کێشە خێزانییەکان و توندوتیژیی، پێی وایە کە لە ئێستادا خێزان بەرەو لاوازی دەڕوات.