بشار حسێن- قەسرێ:
قەسرێ، كەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چۆمانە و نزیكەی 18كم لەسەنتەری قەزاوە دوورە.
لەسەر ناوی قەسرێ دوو ڕاووبۆچوونی جیاواز هەن، یەكەمیان ئەوەیە كە لە(قەسرین)هاتووە بەمانای شوێنێكی زۆر سارد ڕای دووەم ئەوەیە كە دوو برا لەم ناوچەیە نیشتەجێ بوونە، بەناوەكانی (خوسرەو و ساكۆت) بەپێی ڕۆژگار ناوكە بووەتە قەسرێ و ماكۆسان كە ئێستا هەردوو شوێنەكە ماون و ئاوەدانن.
ناحیەی قەسرێ لە ساڵی 1914 تەنها پێنج ماڵ بووە و گوندێكی سەر بە ناحیەی باڵەك و قەزای ڕواندز بووە، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لەساڵی 1961 ئەم ناوچەیە بووە بە مەڵبەندێكی گرینگی شۆڕش و ئاوەدانیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
بەهۆی شەڕی نێوان عێڕاق-ئێران ئەو ناوچەیە بەدوو قۆناغ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەخەڵكەكەی چۆڵ كرا لە ساڵی 1977 و 1983 دانیشتوانەكەی گواسترانەوە بۆ ئۆردووگا زۆرە ملێكان، دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 جارێكی تر ناوچەكە ئاوەدانكرایەوە و بەهۆی گرینگی و فراوانی ناوچەكە لە ساڵی 2007 بە فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێم بە ژمارە 130 لە 5-11-2007 بوو بە ناحیە، لەوكاتەوە پڕۆژەی گرینگی خزمەتگوزاری لەناوچەكە ئەنجام دراون و هەر بەو هۆیەوە ناوچەكە بووژانەوە و ئاوەدانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ئێستا ناحیەی قەسرێ نزیكەی 3 هەزار ماڵ لەخۆ دەگرێت و ژمارەی دانیشتوانی لەئێستادا لەسەرووی 10 هەزار كەس دەبێت، ناحیەكە چەندین گوند لە خۆ دەگرێت لەوانە( كۆیلەیێ، ماونان، وەڵزە، بوران، سەركان، وەسان، سەرنێڵ، چۆمساك). زۆربەی دانیشتوانی سنوورەكە بە كاری كشتوكاڵیەوە خەریكن.