زاری كرمانجی-سۆران
د. كامەران رەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” زۆر كەس لەجیاتی شەكری سپی شەكری قاوەیی بەكاردەهێنن، چونكە وا بڵاوە كە زیانی نییە و ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە دەكرێت بەكاری بێنن، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا شەكری قاوەیی و نەبات بۆ نەخۆشی شەكرە باشە.؟
ئەم پزیشكە دەڵێت” سەرەتا جیاوازی شەكری قاوەیی لەگەڵ شەكری سپی دروستكراو ئەوەیە كە پێكهاتووە لە هەمان ماددەی سوكەرۆزی شەكری سپی، بەڵام تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ شیلەی قامیشی شەكر بۆیە رەنگی قاوەیی و زبرتـرە، دەنكەكانی گەورەترن، بە رێژەیەكی دیاریكراو دەپاڵێورێت و رەنگ و ماددەی (حافیزەی) تێدا نییە و رێژەیەكی زۆر كەم لە كانزاكانی كالسێوم، مەگنیسێوم و ئاسنی تێدایە، بەڵام لەڕووی زانستییەوە هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ شەكری سپی، یەك كەوچكی قاوە لە شەكری قاوەیی 45 كالۆری و شەكری سپی 48 كالۆری تێدایە، هەروەها شەكری قاوەیی هەمان زیانەكانی شەكری سپی هەیە و پێویستە ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، قەڵەون یاخود كێشیان زۆرە نەیخۆن، كەسانی ئاسایش پێویستە دوور بكەونەوە لە خواردنی شەكری سپی و قاوەیی، چونكە جەستە پێویستی پێیان نییە و ئەگەر خورا رۆژانە لە سێ كەوچكی چا زیاتری لێ نەخۆرێت.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” شەكری نەبات كە شێوەی لە بلوری ئەڵماس دەچێت و كڵۆی بچووك بچووكە و رەنگی سپییە هەندێكجاریش رەنگی دیكەی تێكەڵ دەكرێت بۆ منداڵان، لە ساردكردنەوەی شیلەی قامیشی شەكر دروست دەكرێت و بە زۆری لە وڵاتانی ئێران و هیندستان بڵاوە، بڕێكی كەمتر كالۆری تێدایە چونكە ئاو لە پێكهاتووەكەی دا هەیە و كۆمەڵێك كانزا، ڤیتامین و ترشی ئەمینی بە رێژەیەكی كەم تێدانە بەڵام بۆ نەخۆشانی شەكرە خراپە و نابێت بخۆرێت، بۆ ئەوانەی تەندروست و ئاسایین پێویستە كەمێكی لێ بخۆن و نەخواردنی باشترە، لە كاتی شیرینی دروستكردن بە شەكری سپی و قاوەیی زیانی كەمترە.
د. كامەران رەسوڵ، باشترین جۆری شەكریش ئاشكرا دەكات و ئاماژەی پێدەكات” شەكری ستیڤیا لەڕووی تەندروستییەوە لە هەموو جۆرەكانی تر باشترە، بۆ نەخۆشی شەكرە زۆر گونجاوە و لە هەموو رێجیمەكان دا بۆ كەسی ئاسایی باشترین بژاردەیە.