کامران ئیبراهیم شێروانی
بێگومان بوونی بانک و سیستەمێکی بەهێزی بانکی لەهەر وڵات و هەرێمێکدا واتایی بوونی ئابووریی و سیستمی داراییەکی بەهێز، و دڵنیاییەکی زۆری دارایش لە وڵاتدا فەراهەم دەکات، کە ئەمەش ئاواتی هەموومانە وە هەر یەکێکمان لەجێگە و پێگەی خۆمان هەوڵی بۆ دەدەین.
خۆشبەختانە لەم دواییانەدا هاووڵاتیانی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو ئەژماری بانکی تایبەت بەخۆیان کردۆتەوە یاخود لە پڕۆسەی کردنەوەی ئەژماری بانکین ( ئەم بەدەمەوەچوونەی هاووڵاتیانی هەرێم، ئەگەر لەبەر پێوستی بێت بۆ کاروباری ڕۆژانەی خۆیان بەدەمەوەچوونێکی زۆر لەجێی خۆییەتی، ئاخۆ؛ ئەگەر لەبەر زیادبوونی ڕۆشنبیری دارایی بێت لەلایەن هاووڵاتیانی کوردستان نیشانەیەکی زۆر دڵخۆشکەرترە لە هۆکاری سەرەوه).
بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر چۆنیەتی بە دەمەوە هاتن و کردنەوەی هەژماری بانکییە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی یاسایی و ئاسایی ڕێککارەکانی تایبەت بەکردنەوەی ئەژماری بانکی بگیرێتەبەر خاوەنی ئەژمارەکە پارێزراو دەبێت و تووشی هیچ لێپرسینەوەی یاسایی نابێت ئەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام دیوەکەی تری زۆر ڕاستە و کارەساتهێنە بۆ خاوەنی ئەژمێرەکە و هەتا بۆ بانکەکانیش بە ئەگەری زۆرەوە لە ئەگەری بوونی ئەژمێری ساختە یاخود بێخاوەن دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، چونکە زۆربەی هەرە زۆری بانکەکانی هەموو جیهان لە ڕێگەی سیستەمی (سویفت) بەیەکەوە بەستراون، جگە له هەندێک وڵات کە لە دەرەوەی ئەو سیستەمەن وە هەندێک وڵاتیش بەخشراون لەم سیستەمه.
کاری ئەم سیستەمە بریتییە لە گۆڕینەوەی زانیاری لەنێوان لایەنەکانی مامەڵە لە خاوەن پارەوە بیگرە تا دەگاتە بانک و وەرگری پارە و تا دەگات بە قۆناغی کۆتایی لەو پارەیە هەمووی لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە ئەنجامدەدرێت، کە سەرجەم مامەڵەکان لەژێر چاودێری ورد دا دەڕۆن و سەرجەمیان (کۆدینگ) دەکرێ و بەنامە کڕیار و فرۆشیار و بانک و خاوەن ئەژمێرەکان ئـاگادار دەکرێنەوە بە ئـەلیکترۆنی، بەخێراییەکی زۆر و تێچویەکی کەم و کارکردنی (بیست و چوار) کاتژمێری.
بۆیە ئـەم سیستەمە ڕێگری دەکات، لە سپیکردنەوەی پارە و بەدەستھێنانی پارە لەسەرچاوەی نادیار و ناڕەوا و ئـالوگۆڕی نایاسایی و بازرگانی قەدەغەکراو، چونکە سەرجەم چالاکییە داراییەکان لە ژێر چاودێرییەکی زۆربەهێز ئەنجامدەدەرێ.
فرۆشتنی ئەژماری بانکی لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێم بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم بۆتە باس و خواسی ڕۆژەڤ ( من دەتوانم ناوی بنێم دیاردەی فرۆشتنی کەسایەتی دارایی خۆت یاخود ڕوونتر بیڵێم دیاردەی فرۆشتنی زانیاریی کەسی خۆت لەبەرامبەر دەسکەوتێکی مادی یەکجار کەم)٫ئەمەش لەوەیە بۆ ماوەیەکی کاتی و زۆر کورتخایەن ئەو دەستکەوتە مادیە کەمە بەدەست بێت کە لە پێناویدا ئەژماری بانکی خۆت دەفرۆشی (ئەوجا ئەگەر ئەم فرۆشتنە بەبێ ئاگای ئەنجامی بدەی یاخود بەئاگای خۆت)، بەڵام بەدڵنیایی لەدوورمەودا گیرۆدەی کێشەیەکی وا مەزنت دەبێت پەنجەی پەشیمانی دەگەزیت ئەو کات هیچ شتێک دادت نادات.
دەکرێت زیانەکان لەم خاڵەی خوارەوە کورتبکرێنەوە:
یەکەم: ئەگەری زۆری هەیە ئەو بانکەی بەڕێژەیەکی زۆر ئەم مامەڵە ناتەندروستە تێیدا ئەنجامدەدرێت، بخرێتە لیستی ڕەشەوە.
دووەم: فرۆشیاری ئەژمێر متمانەی لە لای بانکەکانی تر نامێنێت، چونکە وەک باسمانکرد بانکەکان بە تۆڕێکی شێوە جالجالۆکەیی بەیەکەوە بەستراون.
سێیەم: ئەگەری بلۆکردنی ئەژمێرەکە لە ئان و ساتدایە.
چوارەم: بەئەگەرێکی زۆر ئەژمێرەکە لەدەرەوەی وڵات کاریپێناکرێت ( ئەگەر هەڵگری ئەژمێرکە بەهەر هۆکارێک سەفەری دەرەوەی وڵات بکات).
چوارەم : ڕەنگە لە کاتی بوونی هەر گرفتێک ئەژمێرەکە هەتا بۆ کڕینی کاڵا لەبازاڕی ئۆنڵاین پەکی بکەوێت.
ئەمانە بەشێکی کەمی زیانەکانن ، بۆیە هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان دەبێت زۆر زۆر وریابن نەکەونە هەڵەی ئەم مامەڵەیە”.