شەهلا رەشید- سۆران
ئەكتەر و بێژەری دیاری باشووری كوردستان هەژان هێرش، بۆ جاری دووەم پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆی پێكهێنایەوە، كە پێشتر تەنها هاوڕێ بوونە و دواتر بڕیاریاندا كە هاوسەرگیری بكەن، ئەم خانمە ئەكتەر و پێشكەشكارە بەشێوەیەكی دڵسۆزانە وەسفی دەكات، سوپاسیشی دەكات بۆ دەستپێكی ژیانی نوێیان.
هەژان هێرش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام نوێترین وێنەی خۆی و هاوسەرەكەی بڵاوكردووەتەوە و لە پۆستێكیدا دەڵێت” دوو ساڵ پێش ئێستا بوومە خاوەنی یەكێك لە باشترین هاوڕێكانم، هاوڕێی خۆشی و ناخۆشییەكانم، هەندێ جار هێندەی براكانم دڵسۆز و پشتووپەنام بوویت، هەندێكجاریش زۆرترین هێز و متمانەت پێبەخشیم، تێگەیشتم لەوەی كە خۆشویستنی مرۆڤەكان بە ئەندازەی ئەو رێزگرتنەیە كەوا پێشكەشی دەكەن”.
دەشڵێت” سوپاس بۆ بوونت، دەستپێكێكی نوێ لەگەڵ تۆدا بابانم”.
هەژان هێرش، لە چەندین درامادا دەركەوتووە و چەند جارێك پێشكەشكاری بەرنامەی تایبەت بووە لە كەناڵی كوردسات، خاوەنی منداڵێكە و چەند ساڵێك پێش ئێستا لە دەروون گێژەن، ئەكتەر و پێشكەشكار جیابووەوە، ماوەیەك پێش ئێستا یەكێك بوو لە خانمە پێشكەشكارە دیارەكانی كەناڵی كوردسات و بەرنامەی (گەمە سات) پێشكەش دەكرد.