بۆ دابینكردنی پێداویستی و نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر ڕەزامەندی درا بە خەرجكردنی بڕی 200 ملیۆن دینار.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، راگەیاند” قەڵای هەولێر یەكێكە لە پێگە شارستانییە بەرچاوەكان و خاوەنی شێواز و تەلارسازی و كارەكتەرێكی بیناسازی گرنگە و بە درێژایی 6000 هەزار ساڵ شوێنی نیشتەجێبوون بووە، بۆیە لە سەر بوددجەی پارێزگای هەولێر بڕی 200 ملیۆن دینارمان تەرخان كردووە بۆ نوژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، جگە لەو بودجە دیاریكراوە ئێستا دوای ژێرخاككردنی كارەبای قەڵات لە پێناو جوانتر نیشاندانی سیمای جوانی قەڵات و ئەو شوێنەوارە مەزنە كە مایەی شانازی گەلەكەمانە، دەستكراوە بە نۆژەنكردنەوەی شەقامی سەرەكیی نێو قەڵات و بڕیاریشە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا لەسەر قەڵای هەولێر چەندین ڕێستۆرانت و چێشتخانە و كافێ بكرێتەوە و ببێتە شوێنێكی گرنگی گەشتیاری نێو سەنتەری شاری هەولێر، تا ڕۆژانە و بەتایبەتی لە كاتی بۆنە و ئاهەنگەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران و هاووڵاتییان سەردانی بكەن”.
قەڵای هەولێر بازنەیی رووتەختە، رووبەری 102 هەزار و 190 م2 و كەوتۆتە ناوەڕاستی شاری هەولێر، 415م لەسەر ئاستی رووی دەریا بەرزە و 26م و 25سم لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەرزترە، كە لە بەرزترین شوێنی، دەگاتە نزیكەی 30م.






























































