موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
لە قەزای سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تاپۆ كردنی خانوو و زەوی هاووڵاتییان هێشتا نەچۆتە واری جێبەجێكردن، ئەمە لە كاتێكدایە سەدان هاووڵاتیی داواكاری تاپۆ كردنی خانووەكانیان پێشكەش كردووە.
عەبدولقادر ئەكڕەم سەرۆكی شارەوانی قەزای سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە ماوەی رابردوو نزیكەی ” 300 ” كەس داواكارییان بۆ تاپۆ كردنی خانووەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی شارەوانیمان كردووە، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خانووی دانیشتوانانی سنووری شارەوانیمان بە شێوەی فەرمی تۆمار بكرێن.
سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، دەڵێت:” بە قەزابوونی سیدەكان ئاسانكاری زۆر بۆ كار و باری كارگێڕی دروست دەكات، كاری رژدی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی تاپۆ لە سیدەكان بكرێتەوە و خانو موڵكی هاوڵاتییان لەماوەیەكی زوودا تاپۆ بكرێن.
قەزای سیدەكان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە ژمارەیەك گەڕەك و كۆڵان و 266 گوند پێكهاتووە و نزیكەی 20 هەزار دانیشتووی لێیە.