زاری كرمانجی- سۆران
د. هەڤاڵ محەمەد، پزیشكی پایەبڵندی هەناوی، دەڵێت” هۆكاری زۆر هەن بۆ شین بوونەوەی پێست، لەوانەش وەرزشكردن بەتایبەتی وەرزشە قورسەكان وەكو لەشجوانی و بەرزكردنەوەی كێشی قورس، بەركەوتن و پێداكێشان زۆرجار شین بوونەوەكە چەند رۆژێك لەدوای پێداكێشانەكەوە دەردەكەوێت، بوونی هەندێك جۆری نەخۆشی خوێن وەك كەمی پەڕەكانی خوێن مەین یان ناڕێكی لە پڕۆتینەكانی خوێن مەین و دژە خوێن مەین، بەتایبەتی ئەگەر شین بوونەوەكە لەگەڵیدا خوێن بەربوونی لوت و پوكی لەگەڵ بێت و چەند جارێك دووبارە ببێتەوە، هەروەها لاوازی پێست و خوێنبەرەكان لەكەسانی بەتەمەندا، هەندێك جۆری دەرمان و نەخۆشی درێژخایەنیش دەبنە هۆكار بۆ ئەم حاڵەتە وەك نەخۆشییە درێژخایەنەكانی جگەر.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” ئەگەر ئەم حاڵەتانەی خوارەوە هاتنە پێش پێویستە سەردانی پزیشك بكەن، لەوانەش:
-ئەگەر شین بوونەوە چەند جارێك دووبارە بووەوە
-كاتێك هەستی بەوە كردبێ لەكاتی بریندار بوونی ئاسایی درەنگ خوێنی دەوەستێتەوە
-ئەگەر شین بوونەوەی پێست راستەوخۆ دوای بەكارهێنانی دەرمانێكی دیاری كراوەوە پەیدا بوو
-هەر كات كەسێكی نزیكی ناو خێزانەكەی هەمان كێشەی شین بوونەوە یان زوو خوێن بەربوونی هەبوو.
-ئەگەر كەسەكە نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵ بوو.