مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
لە جەنگی نێوان هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مین داچنراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پاککردنەوە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی، لە ڕێگەی دەزگای هەڵگرتنەوەی مینی کوردستان لە ساڵی 1992 دەستی بە هەڵگرتنەوەی مین کردووە و هەر وەکوو سەرۆکی گشتی دەزگای مینی کوردستان ئاماژەی بۆ دەکات، تا ئێستا 521 کیلۆ مەتر چوارگۆشە پاک کراوەتەوە.
جەبار مستەفا سەرۆکی گشتی دەزگای مینی کوردستان لەم بارەیەوە زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ : “لە ماوەی جەنگی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران ڕووبەری 776 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستان بەمین داچێنراوە، لە ساڵی 1992 حکومەتی هەرێم لە ڕێگای دەزگای هەڵگرتنەوەی مین دەستی کردووە بە پاککردنەوەی زەوی و قەد پاڵی شاخەکان لە مین، ئێستا 255 کیلۆمەتری چوارگۆشەی بە مین چێنراو ماوە، کە خۆی لە 355 کێڵگەی مین ڕێژ دەبینێتەوە.”
جەبار مستەفا ئەوەش دەڵێ: “توانای دەزگای مین لە یەک سنوور چڕ ناکەینەوە، ئێمە ئەو توانایەی لە بەردەستمان دایە لە هەموو ڕووەکاندا لەو شوێنانەی کاری تێدا دەکەین گرنگی خۆی هەیە، لای ئێمە گرنگ و گرنگتر هەیە، ئەو شوێنانەی هەڕەشەن لەسەر گیانی هاووڵاتییان لە پێشترن و تیمەکانمان دەنێرین و زەوییەکان لە مین ئازاد دەکەین.”
جێگەی باسە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چڕترین ناوچەی مین ڕێژکراوە لە هەرێمی کوردستان و تا ئێستا بە دەییان هاووڵاتی ناوچە سنوورییەکان و گوندنشینانی نزیک لە کێڵگەکانی مین، بوونەتە قوربانی .