زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
مامۆستا ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی:” پێویستیمان بە چەندین بینا هەیە، هەروەها هەندێك لە قوتابخانەكانی ئێمە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی كە توانی 5 قوتابخانە نۆژەن بكاتەوە، هەروەها قوتابخانەیەكی 9 پۆلی لە كەونەگوند دروست كراوە و لەو چەند رۆژەدا دەكرێتەوە، هەروەها نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی بڕیاری داوە 20 قوتابخانەی دیكە لە سنوورەكە نۆژەن بكاتەوە، ئیدارەی سۆرانیش نۆژەنكردنەوەی چەند قوتابخانەیەكی لە ئەستۆ گرتووە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتیشی:” نۆژەنكردنەوە كارێكی باشە، بەڵام دروست كردنی قوتابخانە لە هەندێك شوێن زۆر پێویستە، بەتایبەتی قوتابخانەی شانەدەر كە لە ساڵانی نەوتەكانەوە دروست كراوە، بنەڕەتی و دواناوەندی شانەدەر هەر دووكیان لە یەك بینادا دەخوێنن، قوتابییانی 12 گوند لەو قوتابخانەیە دەخوێنن، بۆیە داوا دەكەین حكوومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت و دەزگا خێرخوازەكان بێنە سەر خەت بۆ دروستكردنی قوتابخانەیەكی مۆدێرن لە گوندەكە”.