شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆر دەڵێت ” شێرپەنجەی مەمك كاتێك پەیدل دەبێت كە خانەكان لە كۆنتڕۆڵ دەردەچن و خانە شێرپەنجەییەكانی پێست گرێ دروست دەكەن كە لە تیشكی ئێكس دا دەبینرێن یاخود هەستیان پێ دەكرێن،
د. رۆژین مەهدی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە شێرپەنجە هەرە بەربڵاوەكان لە جیهاندا كە دوای شێرپەنجەی سییەكان لە ریزبەندی دووەمدایە، ئەم جۆرە شێرپەنجەیە زیاتر تووشی خانمان دەبێت بەڵام مانای ئەوە ناگەیەنێت پیاوانیش تووش نابن، بەجۆرێك كە 1٪ی تووشبووان پیاوانن، هەربۆیەش بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری خانمان لەبارەی شێرپەنجەی مەمك زۆر گرنگە چونكە لە رێگەی پشكنینی پێشوەختەی و پشكنینی خۆیی مەمك دەتواندرێت نەخۆشییەكە لە قۆناغێكی زوودا دەستنیشانبكرێت و بەمەش ئەگەری چاكبوونەوە زیاترە.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی دەكات” ئەو خانمانەی زیاتر لەبارن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زۆربەیان تەمەنیان سەروو 50 ساڵە، بەڵام تەمەن تاكە هۆكار نییە بۆ تووشبوون بەڵكو هۆكاری دیكەش هەن كە مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەكەن، وەك بۆماوە ئەوانەی لەنێو خێزانەكانیان دایكیان یان خوشكیان تووشبووی ئەم شێرپەنجەیە بووە ئەوا مەترسیی تووشبوونی هەیە، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان لەوانەیە مەترسیی تووشبوون زیاد دبكات دووگیان نەبوون و شیرنەدانە، ئەو خانمانەی منداڵیان نەبووە یان یەكەم منداڵیان دوای 30 ساڵی بووە یاخود شیریان نەداوە زیاتر لەبارن، هەروەها شێوازی ژیانی ناتەندروست لە خواردنی خۆراكە خراپەكان، وەرزشنەكردن و قەڵەوی، جگەرەكێشان هەموو ئەمانەش مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكەن.
د. رۆژین مەهدی، زیاتر دەشڵێت” لە قۆناغە سەرەتاییەكانی شێرپەنجەی مەمك، زۆربەی جار خانمان هەست بە بوونی گرێیەك دەكەن لە مەمكیان، یاخود گۆڕانی قەبارە و شێوەی مەمك، هاتنی خوێن لە گۆیی مەمك، بۆیە نابێت هیچ خانمێك ئەم نیشانانە پشتگوێ بخات، هەرچەندە مەرج نییە هەر گرێیەك لە مەمك هەبێت مانای شیرپەنجە بێت بەڵام پێویستە پزیشكی پسپۆڕ ئەمە یەكلایی بكاتەوە، بە زانینی هۆكارەكانی تووشبوون دەتوانین مەترسیی تووشبوونیش كەم بكەینەوە، بۆ نموونە شێوازی ژیانمان رێكبخەینەوە و خۆراكی تەندروست بخۆین، وەرزشبكەین، لە جگەرە و نێرگەلە دووربین، شەوانە زوو بخەوین و گوشاری دەروونیش كەمبكەینەوە، ئەوانەشی لەنێو خێزانەكانیان بۆماوەییان هەیە پێویستە لە تەمەنی 35-40 ساڵی بەپێی ئەو خشتەییەی پزیشك بۆی دادەنێت پشكنینی مامۆگرافی بكات.
سەبارەت بە رێنماییەكانیش، گووتی”بەپێی رێنماییەكانی دەستەی پزیشكانی پسپۆڕی شێرپەنجە لە ئەمریكا، خانمان دوای تەمەنی 40 ساڵی پێویستە پشكنینی مامۆگرافی ئەنجامبدەن، مامۆگرام جۆرێكە لە ئامێری تیشكی كە بەكاردێت بۆ پشكنین و دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی مەمك، ئەو خانمانەشی زیاتر لەبارن پێویستە زووتر دەست بە پشكنینی پشێوەختە بكەن، جگە لە مامۆگرام، دەتوانن خۆیان مانگانە چەند رۆژێك دوای تەواوبوونی سووڕی مانگانەیان پشكنینی خۆیی مەمك ئەنجامبدەن.