محەممەد مەحموود- سۆران :
لە دوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سۆران، لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ پڕۆژەی جۆراو جۆر پێشکەشکراون و لە ژێر هەڵسەنگاندان بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن، بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەش دەڵێت ” پڕۆژەکانی وەبەرهێنان گشت سێکتەرەکان دەگرێتەوە لە سنووری ئیدارەی سۆران”.
دڵڤان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” تا ئێستا ٣٠ پڕۆژە لەژێر هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەدان بۆ پێدانی مۆڵەتی کار کردن ،بەشێکیان زۆریان نەماوە مۆڵەتیان پێبدرێت و بکەونە بواری کارکردن، ئەو پڕۆژانەی زۆربەی کارەکانی پێدانی مۆڵەتیان تەواو بووە پێکدێن لە سێکتەری پەروەردە، گەشتیاری ، نیشتەجێبوون “.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد” پڕۆژەکان تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە، لە لایەنی جیاوازیشن بۆ نموونە ” گەشتیاری، تەندروستی، پیشەسازی، بازرگانی، پەروەردە، کۆمەڵگەیی وەرزشی”.
دڵڤان عومەر، گوتیشی” جێ بەجێ کردنی ئەو پڕۆژانەو کەوتنە کاریان دەبنە هۆکارێکی گرنگ بۆ رەخساندنی چەندین هەلی کار بۆ کەسانی بێکار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران .