مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گۆڕانکاری لە نرخی کارەبا کرابێت و دەڵێ : “ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە.”
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێما بەوە دەکات کە هەندێک پەیجی سۆشیاڵ میدیا بۆ لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و لە پێناو کۆکردنەوەی لایک و فۆلۆ، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست لەبارەی کرێی کارەبا کردووە .
لەمبارەیەوە وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاوبەشانی و دەڵێ : “وەزارەتی کارەبا، هاووڵاتییان و هاوبەشانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانییەوە دڵنیا دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە نرخی کارەبا نەکراوە و تەنیا ئەو یەکە نیشتەجێبوونەی بە High Cost ناسراون، لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نموونەیی ئەزموونەیدا کارەبایەکی 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و چاودێریی دەرەنجامەکانیشی دەکەین. بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە، بووەتە بڕیار و لە وەقایعیی کوردستان بڵاو کراوەتەوە”.