مههدى محهممهد – زاری كرمانجی:
دوای بڵاوبوونەوەی لیستی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور، گوتەبێژی ناوچەی یەكی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق ئەو لیستە بە ساختە ناو دەبات و رایگەیاند :” جارێ هیچ شتێكی نوێ لە بارەی دامەزراندنی پاسەوانان نییە و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە نافەرمییە.”
عەقید كاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەكی ھێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق لە راگەیاندراوێكدا نیگەرانی خۆی نیشاندا كە لە هەندێك پەیج و كەسایەتییەوە لیستی ناو بڵاودەكرێتەوە كە گۆیا دامەزراون و دەڵێ :”ماوەیەكە ژمارەیەك پەیج و لایەن و كەس، لیست بڵاودەكەنەوە گوایە ناوی ئەوانەیە، كە لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور دامەزرێندراون، بۆیە بە هەموو لایەكی رادەگەینین كە ئەو لیستانە ناڕاستن و نافەرمین و هەركاتێك لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە لیستەكانمان پێگەیشت، بڵاویان دەكەینەوە”.
عەقید كاروان خۆشناو، روونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێ : “هەر كاتێك پرۆسەكە تەواو بوو، ناوەكان لە سێ پەیجی فەرمی هەن بڵاودەكرێنەوە، پەیجەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پاسەوانی سنوور و بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبردنی خۆبەخش، جگە لەو سێ شوێنە، ئەو شوێنانەی دیكە نافەرمین”.