پشتیوان كەریم – سۆران:
گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، رایدەگەینێت، لە سەنتەری بازاڕی قەزای ناوەندی سۆران، وەستانی ئۆتۆمبێل قەدەغەكراوە، لە ئەگەری هەر حاڵەتێكیش زۆرترین وەستان لە پازدە خولەك تێپەڕناكات، دوای ئەو وادەدەیە ژمارەی ئۆتۆمبێلی وەستاو لە سەر شەقام لە لایەن كارمەندانی هاتووچۆ تۆمار دەكرێت و سزادەدرێت.
عەقید موحسین تەحسین، گووتەبێژی هاتووچۆی سۆران، دەڵێت:” سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، یەك شەقامی گشتی هەیە، هاووڵاتیانیش زۆربەیان فەرمانبەرن و دوای ئێواران روو لە سەنتەری شار دەكەن، لەوادەی دیاریكراویش دەگەڕێنەوە بۆیە گرفتی هاتووچۆ دروست دەبێت.
دووپاتیی كردەوە، رۆژانە تیم و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتمان دەپڕژێنە سەر شەقامەكە و تاڕادەیەك جەنجاڵی كەم دەبێتەوە، هەروەها بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردەیەش پێویستە شەقامی لاوەكی بكرێنەوە و دروستبكرێت، چونكە ئەو شەقامەی كە هەیە كۆنە و رێژەی ئۆتۆمبێلیش زۆر بووە، بۆیە كردنەوەی و زیاد كردنی شەقامی لاوەكی گرفتەكە چارەسەر دەبێت.”