پشتیوان كەریم – سۆران:
ماوەیەكە لە ئیدارەی سۆران، سەدان ماڵ و وشوێن كارەبای نیشتیمانیان بە هۆكاری جیاواز دەبڕدرێت، زاری كرمانجی هۆكارەكە بڵاو دەكاتەوە .
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، هەر هاوبەشێك دوای دوو مانگ پارەی كارەبا نەگەڕێنێتەوە، بۆ مانگی سێییەم كارەبای لێ دەبڕدرێت، هەروەها هەر هاوڵاتییەك قەرزی كارەبای زۆری لابێت بەدەر لە پارەی مانگانەی پێوەری كارەبایی، دەبێت بڕێك قەرزی كۆنیش لەگەڵی بدات، ئەمەش هەم دەبێتە داهات بۆ حكوومەت هەم قەرزە زۆرەكەیان لەسەر كەم دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، دەڵێت:” مانگانەو هەندێك جاریش هەفتانە 250 تا 300 شوێن كارەبایان دەبڕدرێت، هاوبەشانی كارەبای ماڵان، بازرگانی، بەڵام فەرمانگەكانی میری ئەم بڕیارەیە ناگرێتەوە.
دووپاتی كردەوە، هەڵمەتەكە سەرتاسەریە ئەو شوێنانەی كە پێوەری زیرەكیشیان نییە، وەك چۆمان و مێرگەسۆر، لیژنە دەچێت و ئەوانەی پارەی خۆیان نادەن یاخود سەرپێچیان كردۆتە سەر كارەبای نیشتیمانی، ئەوا كارەباكەیان لێ دەبڕدرێت .
گووتیشی:” لە ئێستادا بەشێكی زۆری هاووڵاتیان قەرزەكانییان دەگەڕێننەوە و سەردانی بەشی ووزە دەكەن، بۆیە هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێت و سەرتاسەرییە سەرجەم سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە .”