موڕشید برادۆستی – سۆران:
ماوەی چەند رۆژێكە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەنزینی لاناز و پاڵپشتكراوی حكوومەتی عێراقی، كە سەرچاوەی سەرەكی دابین كردنی بەنزینی 750 دیناریە كەمبۆتەوە و بەشێكی زۆری بە نزینخانەكانی سنوورەكە ئەو بەنزینەیان نەماوە، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران هۆكارەكە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
ئەمیر سەلیم، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دابەش كردنی بەنزینی 750 دیناری لە دوو سەرچاوە دابین دەكرا، ئەوانیش لاناز و هاوردەكردنی بەنزینی پاڵپشتی كراوی حكوومەتی عێراق بوو، بەداخەوە بەنزینی عێراقی ماوەی دوو رۆژە راگیراوە و بەنزینی لانازیش دووای 10 رۆژ لە راگیرانی ئەمڕۆ دەستی پێكراوەتەوە .
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت:” هۆكاری كەمبوونەوەی بەنزین لە بەنزین خانەكانی دەڤەرەكەمان، بۆ كەمی رێژەی بەنزینی لاناز و بەنزینی پاڵپشت كراوی حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، هەركاتێك هاوردەكردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە ئاسایی بووەوە، بەنزینی 750 دیناریش لە سنوورەكەمان وەك پێشتر دەبێت.
لە قەزا و ناحیەكانی ئیدارەی سۆران، ژمارەیەكی زۆری بەنزین خانەی لێیە، بەهۆی كەمبوونەوەی بەنزینی 750 دیناری، چەند جۆرێك بەنزین بەنرخی جیاواز و بەرز دەفرۆشێت.