شەهلا رەشید- سۆران:
شیری دایك باشترین سەرچاوەی پڕۆتین، كاربۆهیدرات، چەوری، ڤیتامین و كانزاكانە و دەتوانێت هەموو پێداویستییەكان بۆ منداڵ دابین بكات، هەروەها كۆرپە لە ڤایرۆسی هەوكردن دەپارێزێت.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” شیری دایك گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ منداڵی تازە لەدایكبوو، كە گرنگترینیان ئەمانەن:
-بەرگری لەش بەهێز دەكات.
-منداڵ دەپارێزێت لە هەوكردنی گوێ، جۆگەی هەرس، سییەكان و …هتد.
-بینین بەهێز دەكات و مەترسی سەر تۆڕەی چاو لا دەبات.
-رێژەی مردنی لە ناكاوی منداڵ بە هەر هۆكارێك بێت كەمترە لەو منداڵانەی شیری دایك دەخۆن.
-مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن كەمتر دەكات، سەرەڕای كەمكردنەوەی هەستیاری جەستە، وەك هەستیاری پێست و رەبۆ و…هتد.
-دەیانپارێزێت لە نەخۆشی شەكرە و گرفتەكانی قۆلۆن.
-كەمتر تووشی گرفتەكانی ئاخاوتن و قسە كردن دەبن.
-پارێزگاری لە كێشیان دەكات و ناهێڵێت زیاد ببێت.
-پێگەیشتنی مێشك باش دەكات و لە زۆر لایەنەوە بەهێز دەكات.
-پاك و خاوێنە و ئامادەكراوە.
-پلەیەكی گەرمی گونجاوی هەیە بەپێی جەستەی منداڵەكە، پەیوەندیەكی بەهێزی خۆشەویستی و دەروونی لە نێوان دایك و كۆرپەدا دروست دەكات.
-دوای ددان هاتنیان پارێزگارییەكی باش لە ددانەكانیان دەكات”.