شەهلاسۆفی – سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، ڕایدەگێنێت، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان ” ۹٨ ” بنكەی تەندروستی، حەوت نەخۆشخانە و حەوت سەنتەر، چوار بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ) لە سنوورەكەمان هەیە، سەرەڕای كەمی میلاك و نەبوونی ئامێر و پێداویستی تەندروستی، هەوڵمانداوە بە باشترین شێوە خزمەت بەهاووڵاتییان بكەین.
د . كامەران مەلا محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، بۆ زاری كرمانجی روونی كردەوە:” لە ڕۆژانی ڕابردوو لەگەڵ وەزیری تەندروستی كۆبوونەوەمان كردووە، باسمان لە گرفتەكانی كەرتی تەندروستی سنووری ئیدارەی سۆران كردووە و هەوڵی چارەسەر كردنی كەم و كوڕی و گرفتەكان دەدەین.
ناشی شارێتەوە، بۆ ژووری چاودێری چڕ ستافێكمان ناردۆتە هەولێر و خۆبەخشانە دەوام دەكەن، دوای تەواوبوونی ئەو خولە ژووری چاودێری چڕ لەنەخۆشخانەی ئاشتی دەكەینەوە، لە هەمان كات، لە پلانی ستراتیژی ئەمساڵماندایە سەنتەری نەخۆشی شێرپەنجە لە سۆران بكرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، گووتیشی:” بە شێوەیەكی گشتی كەرتی تەندروستی لە سۆران زۆر باشە، بۆ نموونە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران زیاتر لە 56 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە بۆ مەبەستی نەشتەرگەری، خەواندن، منداڵ بوون، پشكنین و سۆنەر، ژمارەیەكی زۆرلەوانە تەنها سەردانیكەرن نەك نەخۆش، ئەمەش هۆكارێكە بۆ باش خزمەت نەكردنی نەخۆش و دابینكردنی دەرمان و دروست بوونی قەرەباڵغی لە نەخۆشخانەكان.”