زاری كرمانجی- سۆران:
لە چوار ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمدا، بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بواری وەبەرهێنان و فراوانکردنی پانتاییی کاری کۆمپانیا خۆماڵی و دەرەکییەکان، وەکوو یەکێک لە هێڵە گرنگەکانی کاری حکومەت، پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش هاوتەریبی ڕێنمایی و یاسای نوێ بووە کە بەرهەم و دەستی کاری ناوخۆیی دەپارێزن.
٣٢ هەزار کۆمپانیا لە کوردستاندا کار دەکەن
لە هەرێمی کوردستاندا، بە کۆی گشتی، ٣٢ هەزار کۆمپانیای جۆراوجۆر لە کاردان. بەو پێیە ژمارەی کۆمپانیاکان لە شاری هەولێر، نزیکەی ٢١ هەزار و ١٠٥ کۆمپانیایە؛ ١٨ هەزار و ٦٥٢ کۆمپانیا خۆماڵیین و ٢ هەزار و ٥١٨ کۆمپانیا بیانیین.
لە پارێزگای سلێمانی، ٧ هەزار و ١٦٥ کۆمپانیا هەن؛ ٦ هەزار و ٦٢٠ کۆمپانیا خۆماڵیین و ٥٧٩ کۆمپانیا دەرەکیین.
لە دهۆک، ٣ هەزار و ٨٥٣ کۆمپانیا هەن؛ ٣ هەزار و ٥٨١ کۆمپانیایان خۆماڵیین و ٢٩٧ کۆمپانیا بیانیین.
بەوەش لە کۆی گشتییدا، ٣٢ هەزار و ١٢٣ کۆمپانیا لە کوردستاندا هەن، ٢٨ هەزار و ٨٥٣ کۆمپانیا خۆماڵیین و ٣ هەزار و ٣٧٦ کۆمپانیا بیانیین.
کابینەی نۆیەم هەلی کاری بۆ ٥٨٢ کۆمپانیای نوێ ڕەخساندووە
لەو چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمدا، بەهۆی ئاسانکارییەکان، ٥٨٢ کۆمپانیا بە سەرمایەی ٦٣٥ هەزار دۆلار، مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، کە ١٣ هەزار و ٤٥١ هەلی کاریان بە گشتی دابین کردووە.
بواری کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بریتین لە: خۆراک، بیناسازی، ڕستنوچنین، فلزییەکان، کیمیاوی، پلاستیکی، سلیلۆزی، مۆبیلیات، دووبارە بەکارهێنانەوە و خزمەتگوزاری.
ژمارەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگای هەولێر لە کابینەی نۆیەمدا، ٤٩٠ کۆمپانیا بووە، کە بە سەرمایەی نزیکەی ١٧٤ هەزار دۆلار بەشدارییان کردووە.
ژمارەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگای سلێمانی لەم کابینەیەدا، ٢١٣ کۆمپانیا بە سەرمایەی ٧٢٥ هەزار دۆلار بووە.
ژمارەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگای دهۆک ٨٣ کۆمپانیا بە سەرمایەی نزیکەی ١٣٨ هەزار دۆلار بووە.
پڕۆژەی سایلۆکان، عەنباری زیاتر و ئاسایشی باشتری خۆراک
تاکوو مانگی نیسانی ٢٠٢٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە کۆی دامەزراندنی ئەو سایلۆیانەی لە مەخموور، هەولێر، قوشتەپە، پیرەمەگروون، ڕانیە، شارەزوور، چەمچەماڵ، کەلار، فایدە، شێخان، زاخۆ و بەردەڕەش دروستی کردوون، توانیویەتی ٥٨٥ هەزار تەن گەنم عەنبار بکات و پڕۆژەی هاوشێوەش بەردەوامیی هەیە. ئەمەش یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی بەرەوپێشبردنی ئاسایشی خۆراک و دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمەڵێک پرۆژەی نوێ لە ناو کارکردندان
هاوکات چەندین پڕۆژە لە کارکردندان، وەکوو دروستکردنی سایلۆی ٤٠ هەزار تەنی و ٥ کۆگای مەوادی خۆراکی، لە بەردەڕەش، دروستکردنی کۆگای مۆدێرن بۆ عەنبارکردنی برنجی پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە سایلۆی فایدە، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی پیشەسازیی تانجەڕۆ، دروستکردنی سایلۆ بە قەبارەی ٨٠ هەزار تەن لە سلێمانی و دروستکردنی ٨ کۆگا لە ناوچەی هوانە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و داخستنی تێکەڵە بۆ بەشێک لە شەقامەکانی پیشەسازیی تانجەڕۆ، ئاوەڕۆی بۆکس بۆ کۆمەڵگەی گەنجینەکانی خواردن لە ناوچەی هوانە بە درێژاییی ٢٨٠م لە سلێمانی، دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بۆ فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی بازرگانیی سۆران، دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی لە کەلار، دروستکردنی سایلۆی ٤٠ هەزار تەنی و ١٠ کۆگا لە هەڵەبجە.
کابینەی نۆیەم، بێوچان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان کار دەکات، لەو سۆنگەوەش ٢٥ پڕۆژەی دیکە پێشنیاز کراون و بەشێکیان پارەیان بۆ تەرخان کراوە تاکوو جێبەجێ بکرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری