زاری كرمانجی- سۆران
د. كامەران مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، لە 7 نەخۆشخانە، 98 بنكەی تەندروستی، 7 سەنتەر، چوار بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پێك دێت، كەموكوڕیمان هەیە و یەكێك لە هۆكارەكانی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بۆ نەهێشتنی ئەو كەموكورتیانەیە، كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەسەر یەك كەلەكە بووە، لەو ماوەیەدا هەموو كەموكوڕییەكانمان دەستنیشانكردووە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجمان ئەوەبووە هەموو خزمەتگوزارییەكانمان لەسەر گلەی و رەخنەكانی هاووڵاتییان بێت”.
گووتیشی” لەماوەی ئەمساڵدا دوو دیدارمان هەبووە لەگەڵ وەزیری تەندروستی، دەستەكەوتەكانی دیداری یەكەممان لەسەر رێكخستنەوەی دەوام، ناردنی پزیشكی پسپۆڕ و بابەتی میلاكات بووە، بە خۆشحاڵییەوە بۆمان جێبەجێكراوە، رەزامەندی 100 گرێبەستمان بۆ كراوە و سەرووی 1000 فۆڕم پڕكراونەتەوە لە رێگەی ئۆنڵاینەوە، ئەمەش رێژەیەكی زۆرە چونكە لەساڵی 2012 و 2013 تا ئێستا هیچ دامەزراندن نەبووە نەك سنووری ئێمە بگرە لە هەموو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە بۆ ئێمە، لەبەر ئەوەی جیاكردنەوەی ئەم هەموو فۆڕمانە ئاسان نییە، هەرچەندە لەوانەیە 500 تا 1000 كارمەندی تەندروستیمان پێویست بێت و ئەوەی كە خزمەتی هاووڵاتییان دەكات دەبێ پسپۆڕیەتی هەبێت لە بابەتی تەندروستی و نەخۆشییەكان، وەك وەزارەتەكانی دیكە نین تەنها كارگێڕی بێت”.
سەبارەت بە داودەرمانەكانیش بوددجەیەكی تایبەتمان بۆ دابین كراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە دیدارو كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی ئەنجامی باشی هەبووە.