شەهلا رەشید- سۆران
دوای ئەوەی چەند حاڵەتێكی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەوە، وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەكی بڵاوكردەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان زیاتر خۆیان بپارێزن.
مینا تەها، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەڵمەتی هۆشداری بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون بەردەوامە 49 بنكەی تەندروستیمان هەیە هەموو ئەمانەش بەردەوام رێنماییان دەدەینێ لە رێگەی پوستەرەكانەوە و ئەوانیش خەڵك ئاگادار دەكەنەوە.
گووتیشی” لەبەر ئەوەی ئیدارەی سۆران حاڵەتی تای خوێنبەربوون هەبووە و مردنیشی لێكەوتۆتەوە، بۆیە بەردەوام ئاگاداری هەموو بنكە تەندروستییەكان دەكەینەوە رێنماییەكان بگەیەنن بە خەڵك، تایبەت ئەوانەی دانیشتووی گوندەكانن زیاتریان خاوەن مەڕوماڵاتن، هەروەها داوامان كردووە هەر حاڵەتێكی گوماناوی هەبێت ئاگادارمان بكەنەوە، بۆ ئەوەی بەزووترین كات تیمەكانمان بنێرین بۆ رشاندنی دەرمان و گواستنەوەی نەخۆشەكە بۆ چارەسەركردن.