زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
تویتەر بڕیاریدا زۆرێک لە داواکارییەکانی بەکارهێنەران زیاد بکات، لەوانەش پشتگیری بۆ پەیوەندی ڤیدیۆیی و دەنگی، بۆ ئەم ئەپڵیکەیشنە.
ئەندریا کۆنوای، سەرۆکی دیزاینەری بەرهەمەکانی تویتەر، تایبەتمەندی نوێی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەی بڵاوکردەوە. لە وێنەی بڵاوکراوەدا پەیجێکی چات دەبینرێت، کە دوو بژاردە بۆ پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی هەیە.
پێشتر ئیلۆن ماسک زیادکردنی تایبەتمەندی پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی بۆ ئەم ئەپڵیکەیشنە ڕاگەیاندبوو. لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە بەم زووانە بەکارهێنەران دەتوانن قسە لەگەڵ کەسانی دیکە بکەن لە سەرانسەری جیهان بەبێ ئەوەی ژمارەیەکیان هەبێت.
تویتەر لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆڕانکاری زۆری بۆ بەکارهێنەرانی کردووە. یەکێک لەو گۆڕانکاریانە سنووردارکردنی ژمارەی پۆستە دیارەکانە لە ڕۆژدا. ئەم کێشەیە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی دڵتەنگ کرد. هەفتەی ڕابردوو ئەپڵیکەیشنی ئینستاگرام ترێدز وەک ڕکابەرێک بۆ تویتەر ناسێندرا، کە توانی زۆرێک لە بەکارهێنەران لە تویتەرەوە ڕابکێشێت.
ئەمەش وایکرد تویتەر بیر لە دابینکردنی ئەو تایبەتمەندیانە بکاتەوە کە بەکارهێنەران داوای دەکەن. لە لایەکی ترەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی بلو سکای توانیویەتی بەکارهێنەرێکی زۆر بەدەست بهێنێت بە ئامانجی کێبڕکێکردن لەگەڵ تویتەر.
































































