ن.ئاڤان قاسم
دروستبوونی مرۆڤ و کۆبوونەوەیان بە دەوری یەک و بەدوایدا لە دایکبوونی کۆمەڵ، کۆمەلگە، هۆز،گەل و شارستانییەتی جیاوازی، هۆی دروست بوونی ئامرازەکانی پەیوەندی و پێداویستی و هۆکارەکانی ڕایکردنی ژیان لە ماددی و مەعنەوی، وەک :(زمان، هزر، بیروباوەڕ، جل و بەرگ، کەلوپەڵ… هتد)لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و شۆڕەشی پیشەسازی و هاتنی تەکنەلۆژیای سەردەم و گۆڕان بەسەر کولتوور و دابونەریتی خێڵ و گەلان دا هات، لە هەمان کاتدا ڕێگا خۆشکەر بوون تا زیاتر تێکەڵی بەیەکتری ببن و هاوشێوە یەکبن و لە زۆر خاڵدا هاوبەشبن.
کولتوور: بریتییە لە شێوازی ژیانی کۆمەڵگە، کە بەهۆی ئێلمێنتەکانییەوە فۆڕموولەبووە. ناساندی باوی کولتوور.
لە پێناسەیەکی تر بۆ کولتوور بریتییە لەوەی مرۆڤ دەبێتە بێگانە، کاتێک لە ماڵی خۆی دەردەچێت، و دیاردەیەکی دروستکراوی دەستی مرۆڤ خۆیەتی لە ژیانکردنی بەکۆمەڵ، وەک سروشتی دووەمی مرۆڤە.
گەر سەرنج بخەینە سەر گۆڕانییە کولتوورییەکان لەناو گەلانی جیهان، لە سەردەمی زوو و هاوچەرخدا کولتوور لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوی گەڵێک مابوویەوە، بەهۆی کەمی هۆکاری گواستنەوە، چونکە ئەوکات کولتوورەکان بەهۆی هاوسیەتی و هاوئاینی نێوان گەلان و وەرگێرانی نوسراوە مێژووی و ئەدەبیەکان و کۆچی تاکەکان و سەردانی زانایان بۆ گەلانی تر و ئاشنابوونیان بە کولتووری گەلانی تری جیهان وایکرد بەهای کولتووری لەچوارچێوەی خۆی بمێنێتەوە کەمتر دەکەوتە ژێر کاریگەری راستەوخۆی نەریتی گەلانی تر.
بە پێچەوانەوە لەسەردەمێکی وەک ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی زۆر خێرای سەدە و تەکنەلۆژیا و بێ شووماری ئامرازەکانی گواستنەوە، کە ڕێگا خۆشکەر بوون بۆ دروستبوونی ئاشنایەتی نیوان گەلان جیهان و ئاوێتەبوونی نێوانیان لەیەکتری نزکبوونەوە، تا ڕادەی هاوشێوەی بوونی خالێکی زۆری نێوان کولتوورەکان و کاڵبوونەوەی جیاوازیەکان، دەستبەرداربوونیان لە بەشێکی زۆری بەها و نەریتی کۆنی باب و باپیرانیان.
وەک دەڵێت: کولتوور پڕۆسەیەکی سۆسیۆ میژووییە، پەیوەندییەکی بەهێزی بە هۆشیاری مرۆڤەوە هەیە، کە سروشتی دووەمی مرۆڤە و دەستکردە، لەلایەن خودی مرۆڤ دروست دەبێت و خۆشیان گۆڕانکاری بەسەردادێنن، تایبەتمەندی بۆ دادەنێن، توخم و ئەرکی جیاجیایی هەیە.
لە گێتیدا هیچ کۆمەڵگایەک نابینرێت گۆڕانی کلتووری تێدا ڕوونەدات، لە سەردەمی ئێستادا هەندە خێرایە هەرکەسێک دەتوانێت بیبینێت، واتا ئامێری خێرا و تەکنەلۆژیای سەردەم هۆکاری خێرایی ئەم تێکەڵبوونەی کولتووری نێوان کۆمەڵ و کۆمەلگای نەتەوە جیاکانە.
خودی گۆڕانی کولتووری پڕۆسەی گۆڕانی توخمەکان و شێوەی کولتووری کۆمەڵگا، زۆرترین ڕێژەی گۆڕان بە ئاسانی لە ماددەدا ڕوودەدات بە پێچەوانەوە گۆڕانی مەعنەوی، هزری وبیر وباوەڕەکان، جیا لە گۆڕانە سروشتییەکان و باردۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی.
ئەلفرێد، پێ وایە کە بەکارهێنانی ماتریالە بەکارهاتووەکانی شارستانییەت، مەرجێکی سەرەکی و پێویستە بۆ گەشەسەندنی هەر کولتوورێک و گواستنەوەی (جەستەی مێژوویی) بۆ قۆناغێکی گەشەسەندوو تر.
بە نموونە مێژووی گەلانی ڕۆژئاوایی، کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندا سوودیان لە کەرستە بەکارهاتووەکانی قۆناغی پێش خۆیان وەرگرتووە، وەک مێژووی یۆنانی کۆن.
بیرمان نەچێت، کە گەشەسەندنی کولتووری هەرگیز وەک گەشەسەندنی شارستانی نییە، چونکە شارستانییەت پڕۆسەیەکی پلە بە پلەی پێشکەوتووە، بەلام کولتوور هێلێکی پارچە پارچەی پڕ لە هەڵکشان و داکشانە.
ئەم گۆڕانییە کولتوورییە بەپێ گەشەسەندنی پڕۆسەی نەتەوەی وداب ونەریتەکان ڕوودەدات و لە چوارچێوەی سەرەتای خۆی دەردەچێت بەرەو قۆناغێکی تری پێشکەوتوو و نوێ.
ئەم گۆڕانی کولتوورییەش هۆکارە بۆ کاڵبوونەوەی نەریتی باپیران و دروستبوونی نەریتی تاک ڕەویی و وردە کولتووری تایبەت بە کۆمەڵ کۆمەڵی جیا جیایی ناو یەک کۆمەڵگە.
بەشی زۆری گۆڕانکارییەکان لە (زمان، جل و بەرگ، خواردن،…هتد) ڕوودەدات لە ئێستادا زۆر بەئاسانی دەتوانین لە ناو کۆمەڵگەی کوردی هەستی پێبکەین، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەوتۆتە ژێرکاریگەری نەریتی گەلانی تری جیهانی، بەتایبەت لە ڕووی زمانەوە، کە بەلێشاو وشە و دەستەواژەی بیانی جێگای وشە و دەستەواژەی کوردی پەتی گرتۆتەوە بۆتە هۆی کاڵبوونەوە و لەناوچوونییان.