زاری كرمانجی-سۆران:
لەسەر بوددجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستكراوە بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای خەلیفان و ناحیەی دیانا.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” لە درێژەی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سنوورەكەمان كەوتنە بواری جێبەجێ كردنەوە”.
گووتیشی: ” پڕۆژەكان بریتین لە كۆنكریتكردن و قیڕتاوكردنی كۆڵانی ژمارە (٣) لە گوندی گردخێوەت لە سنوری ناحیەی دیانا، بە بەهای نزیكەی ٤٥ ملیۆن دینار، كۆنكریتكردنی چەند كۆڵانێك لە گەڕەكی (باویان)ی لە قەزای خەلیفان، بە درێژای ٤٨٠٠م٢ بە گۆژمەی 137ملیۆن و 950 هەزار دینار لەسەر بوددجەی ئیداری سەربەخۆیی سۆران.