مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
بەرپرسێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبینی دەکات بۆ ساڵی داهاتوو لە پێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی فریاگوزاری مرۆیی، کار لەسەر بەکارهێنانی ڕۆبۆت بکەن بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و کارەساتبارەکان.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، هێرشکردن بۆ سەر کرێکارانی فریاگوزاری زیادی کردووە و تەنیا لە شەش مانگی ڕابردوو، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سودانەوە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سێ کرێکاری لەدەستداوە.
بێرنارد کواچ، بەرپرسی داهێنان لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، لەم بارەیەوە دەڵێ : “ئەو ئۆتۆمبێلانەی تایبەتن بە گواستنەوە و پشت بە ڕۆبۆت و زیرەکیی دەستکرد دەبەستن، ڕەنگە هەر لە ساڵی داهاتووەوە دەست بکەن بە دابەشکردنی پاکێجی خۆراک بەسەر ناوچە کێشە لە سەرەکان و کارەساتەکاندا.”
بەرپرسی داهێنان لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، ئاشکرای دەکات کە مەترسی لە سەر گیانی کارمەندەکانیان هەیە لە کاتی کارکردندا، بۆیە بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەکنۆلۆژیایە دەتوانێت جیاوازییەکی بەرچاو دروست بکات و گیانی کارمەندانیشیان پارێزراو بێت.
ئەوەش دەڵێَ : “نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بەهۆی برسێتییەوە، لە باشووری سودان دەناڵێنن، بۆیە یەکەم ناوچە ڕۆبۆتەکان کاری تێدا بکەن سوودان دەبێت .”