زاری كرمانجی- چۆمان:
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان 14 بنكەی تەندروستی هەن، چوار لەوانە پزیشكی پلەبەندیان هەیە و لەم چوار بنكانە دوو پزیشك 24 كاتژمێر دەوام دەكەن و و دووی دیكەشیان تەنها دەوامی بەیانیان دەكەن، 10 بنكەش بێ پزیشكن و كارمەندەكانی تەندروستی بەڕێوەیان دەبەن، بەڵام ئەو بنكە تەندروستییانەی كە پزیشكیان نییە ئەوا دوورەدەستن و تەنانەت لە هەندێك لە گوندەكان ئاوەدانیش نییە، پێشتریش هەر وا بووە و لەگەڵ سیستەمی تەندروستی كوردستانیش گونجاوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، گوتیشی: ناحیەی سمیلان بەرفراوانە، بەڵام تەنها ئەو بنكەی هەیە بەیانیان دەوامی هەیە، داواشمان كردووە بەشی فریاكەوتن لە بنكەی تەندروستی سمیلان نۆژەن بكرێتەوە، ئەوەش بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، رووداوەكانی هاتووچۆ، پێوەدانی مار و دووپشك و نەخۆشییە وەرزییەكان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن دوای دەوامی بەیانیان رووی تێبكەن، هەر بۆیەش لە ئێستادا بۆ هەر حاڵەتێك لەوانەی كە باسمانكردن دەبێ روو لە سۆران بكەن بۆ چارەسەر وەرگرتن، هۆكارەكەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە میلاكات كەمە و دامەزراندن نییە لە سێكتەری تەندروستی، بۆ نموونە ئەو بنكانەی كە پزیشكیان هەیە ئەوا كارمەندیان نییە یاخود بەشی تیشك، ددان و تاقیگەیان نییە، ئەمانە خزمەتگوزاری سەرەتایین پێویستە هەبن، هەروەها لەڕووی داودەرمانیشەوە كەموكوڕی و گرفتمان هەیە، داواشمان كردووە بۆمان چارەسەر بكرێن.