زاری کرمانجی – سۆران :
تا ئێستا بە دەیان منداڵی کورد لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر ڕاگیراون و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە خراپی ڕەوشی دەروونی منداڵە بەندکراوەکان دەکەن و نیگەرانن لە شێوازی هەڵسوکەوتکردنی دەزگا ئەمنییەکان لە بەرامبەریان.
ئەرشەک قەیسەربەیگی تەمەن 15 ساڵی خەڵکی ئیلام، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران قۆڵبەست کراو دوای گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەراوڵە، بە شێوازێکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە و ناچار بە ددانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی لە بارەی ئەرشەک بڵاو کردەوە کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەراوڵە، ناچار بووە بەبێ هیچ نووسراوەیەک وەرەقەیەکی سپی واژۆ بکات.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەرشەک پێشتریش بە هۆی شۆڕشی ژینا ئەمینی لە شاری سەراوڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.