دوای ئەوەی خوێندنی كچانی لە سەرووی قۆناغی سەرەتایی قەدەغە كرد، حكومەتی تالیبان بڕیاریدا ” هەموو ناوەندەكانی جوانكاری و ئاراشتگاكان دابخرێن”.
محەمەد سادق عاکف موهاجیر وتەبێژی وەزارەتی ئەمرکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خراپە لە حکومەتی کاتیی تاڵیبان، لە لێدوانێکیدا بانگەشەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە قەدەغەکردنەکەی پشتڕاستکردەوە، وتی” بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ئارایشتگا و سەنتەرەکانی جوانکاری”.
لە راگەیاندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە ئەوە هاتووە، سەرکردەی تاڵیبان مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە لە کابوڵی پایتەخت و هەرێمەکانی دیکە ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاریی قەدەغەکردووە. بەپێی ئەو راگەیاندراوە ماوەی مانگێک مۆڵەت بە ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاریی دراوە کە کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن.
بزوتنەوەی تاڵیبان پێشتر چوونەژوورەوەی ژنانی بۆ ناو پارکە گشتییەکان، شوێنەکانی کات بەسەربردن و هۆڵە وەرزشییەکان، کارکردن لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆڵگێڕان لە زنجیرە و فلیمە سینەماییەکانی قەدەغە کردبوو.
جگە لەوە پێشتریش، خوێندنی کچانی لە دامەزراوەکانی سەرووی سەرەتایی قەدەغە کردبوو.