زاری کرمانجی – سۆران :
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 8 ی تەممووزی 2023، لە شاری زاهیدان ی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، چەند کەسێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس و کوژراو و بریندار هەیە.
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوچەکە، ژمارەیەک چەکدار و خۆکوژی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و کوژراو و بریندار هەیە.
ئاژانسی میهرنیوزی ئێرانی بڵاوی کردەوە : “ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی پۆلیسی ژمارە 16 لە شاری زاهیدانی پایتەختی سیستان و بەلووچستان.”
هاوکات ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە کە چەند چەکدارێکی نەناسراو هەوڵیان داوە بنکەی 16ی پۆلیسی کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
میدیاکانی ئێران هێرشە چەکدارییەکە بە خۆکوژی ناو بردووە و باسیان لەوە کردووە دوو لە چەکدارەکان پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو و خۆیان تەقاندەوە.
لەسەر زیانەکانی شەڕەکە، شەمس ئابادی داواکاری گشتی شاری زاهیدان قسەی بۆ ئاژانسی فارس نیووز کردووە و دەڵێ : “بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان لەو ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەدا پۆلیسێک کوژراوە و تا ئێستاش ڕووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکە بەردەوامە.”