تایبەت بە زاری كرمانجی:
چەكدارانی پەكەكە بەردەوامن لە وەرگرتنی باج و سەرانە لەو مەڕدارانەی بۆ لەوەڕاندنی مەڕو مەڵاتەكانیان روو دەكەنە كوێستانە، بۆ هەر مەڕدارێك بڕەپارەیەكیان وەرگرتووە ، كەمترینی” 250 هەزار دینار بووە”.
بەپێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی لە كوێستانەكانی سنووری قەزای رواندز بە تایبەتی لە چیای كارۆخ و ئاسۆس كە چەندین مەڕدار بۆ لەوەڕاندنی مەڕو بزنەكانیان روودەكەنە ئەو كوێستانانە، ساڵانە لەلایەن پەكەكەوە پارەو باج و سەرانەیان لێ
وەردەگیرێت، ئەمساڵ بۆ هەر مەڕدارێك بەبڕی جیاواز پارە وەرگیراوە.
زاری كرمانجی ناوی ئەو مەڕدارانەی لایە كە پارەیان لێوەرگیراوە، بەڵام لەبەر پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییانە ناوەكانیان پارێزراو دەبن، ئەو مەڕدارانە باسیان لەوە كرد” ئەمساڵ كەمترین پارەی لە لایەم پەكەكەوە لێیان وەرگیرا بێت 250 هەزار دینار بووە، مەڕداری واش هەبووە زۆر لەوە زیاتری لێ وەرگیراوە”.
ئەو مەڕدارانەش بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان و لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتەكانیان “بەناچاری” ئەو بڕە پارەیان داوەتە ئەو چەكدارانە.