موڕشید برادۆستی – سیدەکان :
لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هیچ شوێنێکی تایبەت بە یاری کردن بۆ منداڵانی دابین نەکراوە ، ئەمەش نیگەرانی لێ دەکەوێتەوە و داوایی دروست کردن و دانانی شاری یاری دەکەن .
باوکی محەممەد دانیشتووی سەنتەری سیدەکانە، بە زاری کرمانجی گووت:” سیدەکان ڕۆژبە ڕۆژ لە گەورە بوون و فراوان بووندایە، بەڵام مافی منداڵەکان لەبەر چاو نەگیراوە، هیچ ڕەوا نییە تا ئێستا لە سەنتەری شار یەک شوێنی وای لێ نەبێت ڕووی تێ بکەن و دەبێت بە ناچاری چەندین کیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل ببڕین تا منداڵەکانمان دەگەیەنینە گوندی شیوان و لەوێ هەندێک یاری هەیە هەرچەندە شوێنەکەش نەشیاوە و تۆز و خۆڵیشە، بەڵام ناچارین و هیچ شوێنێکی دیکەی لێ نییە .
زیاتر گووتی:” نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ یاری هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەردەوام منداڵەکانمان لەسەر جادە و شەقامەکان بن، داوا لە لایەنی پەیوەندی دار دەکەین، هەوڵی ڕژد بدەن لە شوێنێکی گونجاو چەند پێداویستییەکی یاری کردن و شاری منداڵان دابنێن و دروست بکەن .
لای خۆیەوە، عەبدولقادر ئەکڕەم سەرۆکی شارەوانی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” کارمان لەسەر دروست کردنی پارکێکی مۆدێرن و سەردەمیانە لە سەنتەری قەزای سیدەکان کردووە کە یاری منداڵانیشی لەنێودایە، شوێنمان بۆ دابین کردووە و هەموو هەوڵێک بۆ دروست کردن و کردنەوەی دەدەین .
سەرۆکی شارەوانی سیدەکان، دەڵێت:” دەرخەستە بۆ دروست کردنی پارکی سیدەکان کراوە، شوێنەکەش دیاری کراوە دروست کردنی لە پلانی ئەمساڵی 2023دانرایە و بڕیار دراوە جێبەجێ بکرێت”.