د. ئەسرا كەمال شاە
هۆكاری زۆر هەیە بۆ ئەو كەسانەی كێشی لەشیان بەخێرای دادەبەزێنن و بەخێرایش زیادی دەكەنەوە، لەم بابەتە تەندروستیەدا، د. ئەسرا كەمال شاە، پزیشكی گشتی و پسپۆڕی قەڵەوی و لاوازی، ئاماژە بە بە چەند هۆكارێك دەكات و دەڵێت” چەند هۆكارێك هەن بۆ ئەو كەسانەی بەخێرای كێشیان دادەبەزێت و زیاد دەبێتەوە، بەڵام سەرەكیترینیان ئەوەیە كاتێ كەسێك بە دەرمان، باڵۆنی گەددە یاخود بەهۆی رێجیمێكی زۆر قورسەوە بە خێراییەكی زۆر كێشی دادەبەزێنێت لە ماوەیەكی كەمدا، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو كەسە جارێ ئەزموونی نەبووە لە لەشی خۆی و هەروەها جەستەی لەگەڵ شێوازێكی ژیانی تەندروستانەدا رانەهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا بواری ئەوەی نەبووە خووە خراپەكانی كە دەبێتە هۆی قەڵەوی لە خۆیدا بیگۆڕێت، بۆیە تەنها بۆ ماوەی چەند مانگێك یان چەند هەفتەیەك دوای پەستانێكی زۆر كە دەیخاتە سەر خۆی، كێشێكی زۆر دادەگرێت لە دوایدا لێی بێتاقەت دەبێت و دەچێتەوە سەر شێوازی خواردن و ژیانی پێشتری، بۆیە قەلەو دەبێتەوە و هەندێكجار كێشی دووقاتی پێشتریشی زیاد دەكاتەوە.
ئەم پزیشكە ئاشكرا دەكات و دەشڵێت” رێگە چارەش بۆ ئەم گرفتە ئەوەیە كاتێك بیر لە كێش دابەزاندن دەكەینەوە دەبێ لە سەرەتاوە لەگەڵیدا بڕیار بدەین شیوازی ژیان و خواردنمان بۆ هەتا هەتایی بگۆڕین و بیر بكەینەوە كە ئێمە ئەو پلانەی دایدەنێین پلانێكی درێژخایەنە و دەبێت لە گەڵیدا بڕۆین، ئەگەر وا بیر نەكەینەوە و تەنها دڵمان بە كێش دابەزینەكە خۆش بێت لە ماوەیەكی كورتدا و بیر لەوە نەكەینەوە كە جەستەمان تەندروست بێت بۆ هەتا هەتایی، ئەوا لە سەرەتاوە دیارە ئێمە سەركەوتوو نابین بۆ گەشیتن بەئامانجەكەمان، ئەگەر بشگەین بەو كێشە نموونەیەی كە دەمانەوێت، ئەوا دڵنیابە تەنها بۆ چەند مانگێكە و ناتوانین بەردەوامی پێبدەین.