راپۆرت-محەمەد هەسنانی
لە دێرزەمانەوە تا ئێستا نەتەوەی كورد هەروەك گشت نەتەوەكانی دیكە خاوەن چەندین داب و نەریت و ڕەسەنی تایبەت بەخۆیەتی، یەكێك لەو نەریتانەش ژن و ژنخوازیە، ئەمەش بەپێی تێپەڕبوونی سەردەمەكان تائێستا گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە.
حەلیمە محەمەد، ئافرەتێكی بەتەمەنی سنووری ئیدارەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت : ” لەكۆنەوە تا ئێستا ژن و ژنخوازی لەناو كوردەواریدا بەچەند قۆناغێك تێپەڕیووەو گۆڕانكاری بەسەر دەهاتووە، بۆ نموونە نەمان و كەمبوونەوەی دیاردەی (ژن بەژنە، كچدان لەبەدەل خوێن، بەشودانی كچ بەبێ ئاگاداری خۆی) ئەمانەو چەندین دیاردەیەكی دیكە، چونكە لەسەردەمی ئێمە بگرە تا پێش نەوەدەكانیش ئەم دیاردەیە زۆربوو، خودی خۆم و چەندان ئافرەتی دیكەی سنوورەكە كە ناسیومن، ڕاستەوخۆ لەلایەن خێزانەكانمان بڕیاری بە شوداندانمان دراوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت ئاشنای ئەو كوڕەش بووبین كە شوومان پێی كردووە، جگەلە خێزانەكانیش هەندێ جار ئافرەت لەلایەن میرو ئاغاكان و كەسایەتییەكانی گوندەكان بەشودەدران، هیوا هەبوو لەبەدەل خوێنداری بەشودەدرا یان ژن بەژنەی پێدەكرا، كاتێك دەچوونە ماڵی خەزوورانیش ناچاربوون لە سروشتی ئەوان رابێن”.
ئەو ئافرەتە دەشڵێت: “ئێستا گۆڕانكاری زۆر بەسەر دیاردەی ژن و ژنخوازی داهاتووەو زۆربەی كچ و كوڕان بەدڵی یەك نەبن، هاوسەرگیری پێكناهێنن، سەرەڕای ئەمەش لەم سەردەمە رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بە بەراورد بە پێشتر زیاتر بووەو لەسەردەمی خۆی سەرەڕای ژیان و بژێووی سەخت خۆ گونجاندن هەبوو، ئەگەر ئافرەتێك تەڵاقدرابوایە بە عەیبێكی گەورە دەزاندرا.
د.عومەر ئیبڕاهیم عەزیز، لە پەرتووكی داب و نەریتی ژنهێنان لە كوردەواریدا لە لاپەڕەكانی (13-14) چاپی یەكەمی ساڵی 2004. ئاماژە بەوەدەدات: ” لە داب و نەریتی كوردەواریدا بۆ هەڵبژاردنی كیژەكە، ماڵێ زاوا، ماڵێك دەست نیشان دەكەن كە خاوەنی كیژێكی گەنج بێت و كاتی شووكردنی هاتبێت، یەكەمجار هەڵدەستن و پیاوێك رادەسپێرن كە لەو ماڵە نزیك بێت و دۆست و هاوڕێی ئەوان بێت، دەچێتە لای باوك یا ئەندامێكی خێزانەكەیان، ئەگەر لە هەمان گوند بووبێت، دووای خواردنی ئێوارە دەچێتە ماڵَییان و بەڵام ئەگەر لە گوندێكی دوورتربووبێت، بەتایبەت كاتی خۆی دوای نیوەرۆِ بە سواری ماین یا ئەسپ بەڕێكەوتووە، دوای خواردنی شیوی ئێوارە بە خاوەن ماڵەكە دەڵێت، من لەلایەن فلان كەسەوە هاتووم دەمانەوێت خزمایەتیتان لەگەڵ بكەین.
بەڵام نازانم ئێوە بیر و راتان لەسەر چییە، ئەگەر بە ژن بە ژنی بێت، باسی باشی كچەكەیان دەكات و دەڵێت، بەخۆشتان دەزانن كە كچێكی رەوشت بەرز و لەسەرخۆ و كابانی ماڵە. كەچی ئەگەر داوای ماڵیان كردبێت دەڵێت، كوڕەكەی ئێمە زۆر نازدار و پیاو چالاكە، هەربۆیەش ئێوەیان دەست نیشان كردووە، دڵیانە ئارەزووی خزمایەتی دەكەن.
باوكی كچەكەش دوای ئەوەی لەگەڵ خێزان و خانەوادەكەی قسەدەكەن بۆ ئەوەی رای ئەوانیش لەسەربێت، ئایا هەڵوێست و قسەی ئەوانیش چۆنە.
پیاوی نێردراو لە هەمان گوند بووایە هەر ئەوكاتەی لەماڵی كچەكە دەگەڕایەوە دەچووە ماڵی كوڕەكە، ئەگەر دووریش با بە یانی دەچووە لای ماڵی كوڕە كە و لە دوورە پێان دەوت، قاسید ( شێری یان رێوی)
ئەگەر ئەوان رازی بوونایە كە كچەكەی خۆیان بدەن، دەی ووت شێرم شێر، بەڵام ئەگەر رێك نەكوتبا دەی ووت، دیارە خودا نسیبی نەكردیە.
هەروەك رەوشت و زەماوەندد و شادی لە كوردەواریدا زۆر جۆر هەبوونە، لەگەڵ ئەوەشدا كچی وا هەبوو رۆژێك دووسێ خوازبێنی دەهاتن .
كاتێك ماڵی كچەكەش بە قاسیدێكیان ووتووە، وەرنە پێش بۆ كچەكە، ماڵی زاوا سەیری كچەكە ئەكەن و بە هەموو دڵێكیانەوە چاو ئەبڕنە هەموو كردەوەی كچەكە و قسەی لەگەڵ ئەكەن، بۆ ئەوەی ئەویش قسەیان لەگەڵ بكەن و بزانن شێوازی قسە كردنی چۆنە.؟
ئەگەر دڵیان گرتبایە پاش چەند رۆژێك دووبارە دەهاتەوە و كوڕەكەیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا و دەستیان بە نەریتی مارە بڕین و ژن گواستنەوە دەكرد.